ڤانس: چاودێرانی ئاژانسی ئەتۆم دەگەڕێنەوە ئێران
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گفتوگۆکانی بێرگنستۆک لە سویسرا بەرەوپێشچوونی گەورەیان بەدەست هێناوە، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی و چارەسەری هەمیشەیی لەگەڵ ئێران.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، رێکارێکیان بۆ بەکراوەیی هێشتنەوەی گەرووی هورمز و پاککردنەوەی لە مینەکان داناوە.
هەروەها باسی لەوە کرد، ئێرانییەکان رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ بانگهێشتکردنی چاودێرانی نێودەوڵەتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بۆ وڵاتەکەیان، ئەمەش بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ وەسف کرد.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا، گفتوگۆ لەگەڵ چاودێرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە بێرگنستۆک دەست پێدەکات و گفتوگۆ تەکنیکییەکانیش بە درێژایی هەفتە بەردەوام دەبن.
سەبارەت بە دۆخی لوبنان، ڤانس روونی کردەوە، رێکارێکیان بۆ رێگریکردن لە پێکدادان و کەمکردنەوەی گرژییەکان داناوە، بۆ ئەوەی رەوشەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەمریکا دەیەوێت لە یەک کاتدا ئاسایشی ئیسرائیل و سەروەریی لوبنان بپارێزێت، بەڵام داوای کرد ئێران سنوورێک بۆ جموجوڵەکانی حیزبوڵڵا دابنێت و پێی وایە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات.
لەلایەکی دیکەوە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردەوە راپۆرتەکان سەبارەت بە سەروەت و سامانی ئێرانییەکان راست بن و گوتی، دەیانەوێت میکانیزمێک دابنێن بۆ ئەوەی دڵنیا بن ئەو پارەیە یارمەتیی هاووڵاتییانی ئێران دەدات و بۆ تیرۆر خەرج ناکرێت.