بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان شاندێکی باڵای پەرلەمانی کەنەدا گەیشتە هەولێر

شاندێکی باڵای پەرلەمانی کەنەدا بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و تاوتوێکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان گەیشتنە هەولێر. ئەندامانی شاندەکە کە نوێنەرایەتی "گرووپی دۆستایەتی کورد و کەنەدا" دەکەن، جەختیان لە بەردەوامی پشتگیرییەکانی وڵاتەکەیان بۆ گەلی کورد و هێزی پێشمەرگە کردەوە.

شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا بۆ هەرێمی کوردستان، ئامانجی سەرەکی گەشتەکەیان بۆ پەرەپێدانی ئاستی هاوکارییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا گەڕاندەوە.

دووشەممە 22ـی حوزەیرانی 2026، زیاد عەبدولەتیف، ئەندامی شاندەکە، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، رەوەندێکی کوردی زۆر چالاک لە کەنەدا هەن و ئەوان دەیانەوێت پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئۆتاوا و هەولێر قووڵتر بکەنەوە.

لەم سەردانەدا، ئەحمەد حوسێن، وەزیری پێشووی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی کەنەدا و ئەندامی شاندەکە، رایگەیاند، کۆمەڵگەی کوردی لە کەنەدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت حکوومەتی وڵاتەکەیان گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدات و بناغەی پەیوەندییەکی ستراتیژی و درێژخایەن دابڕێژێت.

"گرووپی دۆستایەتی کورد و کەنەدا" کە فراکسیۆنێکی فراحزبییە لە پەرلەمانی فیدراڵی کەنەدا، لە ساڵی 2016 دامەزراوە و لە کۆتایی ساڵی 2025 بە سەرۆکایەتی "تام کەمیک" دووبارە چالاک کراوەتەوە. ئەم گرووپە رۆڵێکی کارای هەبووە لە هاندانی کەنەدا بۆ بەشداریکردنی چالاکانە لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە رووی ئەمنی و سەقامگیری ناوچەکە.

یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کارنامەی ئەم گرووپە پەرلەمانییە، هەوڵدانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتی کەنەدا لە هەولێر بۆ "کونسوڵخانە" و بەردەوامییدان بە هاوکارییەکانی هێزی پێشمەرگە کە لە شەڕی دژی داعشدا فیداکاری گەورەیان کردووە. ئەمە دووەم سەردانی فەرمی ئەم گرووپەیە بۆ هەولێر کە تێیدا جەخت لەسەر دیپلۆماسی پەرلەمانی و گەیاندنی پەیامی هاوسۆزی گەلی کەنەدا بۆ کورد دەکرێتەوە.