هەڵەبجە میوانداری شاکارێک دەکات کە دەنگی مێژوو دووبارە دەگەڕێنێتەوە

لەلایەن بڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە، بەهاوکاری رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO، کۆنسێرتی "مەم و زین"، لە هەڵەبجە لە هۆڵی روانگە بەڕێوەدەچێت.

دانا محیەدین دەڵێت، "لە ناو ئەم پڕۆژەدا، دەقەکانی "مەم و زین"م، وەک بنچینەی ئاوازەکان وەرگرتووە، هەوڵم داوە بە سوودوەرگرتن لە موزیک و ریتمی هەر چوار بەشی کوردستان، فۆڕمێکی نوێی دەنگی دروست بکەم؛ فۆڕمێک کە تێیدا نەغمەکانی باکور، ئاوازەکانی باشوور، هەستە موزیکییەکانی رۆژهەڵات و دەنگی رۆژئاوا لە یەک شوێندا کۆبکەمەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2026، دانا محیەدین، موزیکژەن و ئاوازدانەر بە کوردستان24ی گوت، "ئەم کۆنسێرتە هەوڵێکی هونەری و فکرییە بۆ دووبارە خوێندنەوەی یەکێک لە گرنگترین شاکارەکانی ئەدەبی کوردی. لە ناو ئەم پڕۆژەیەدا، دەقەکانی "مەم و زین"، لە سنووری خوێندنەوەی کتێب و دەق دەردەچن و دەبنە دەنگ، ریتم و هەست؛ تا گوێگر بتوانێت بە شێوەیەکی نوێ لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەو شاکارەدا بژی."

دانا محیەدین گوتیشی، "مەم و زین، کە لەلایەن ئەحمەدی خانی لە ساڵی 1692  نووسراوە، لە ئەدەبی کوردیدا شوێنی تایبەتی هەیە. زۆرجار ئەم بەرهەمە بە چیرۆکی خۆشەویستی ناسێندراوە، بەڵام لە ناوەڕۆکی راستەقینەیدا لەوە زیاترە؛ چیرۆکی گەڕان بەدوای ئازادی، دۆزینەوەی ناسنامە، تێگەیشتن لە مانای هاوبەشبوون و دڵەڕاوکێی مرۆڤ لە نێوان خەونی تاک و خەمی گشتی."

ئەو موزیکژەنە باس لە شاکارەکانی خانی دەکات و دەڵێت، "خانی لە نووسینی ئەم شاکارەدا زمانی کوردی تەنیا بە ئامرازێکی گێڕانەوە نەبینیوە؛ بەڵکو بە ناوەندێکی مانەوە و ناساندنی بوونی کوردی بینیوە. لە ژێر چەتری چیرۆکی مەم و زین، پرسیارە گەورەکان دەربارەی یەکگرتن، پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگە، و شوێنی مرۆڤ لە جیهاندا دەوروژێندرێن. ئێستا، دوای نزیکەی سێ سەدە و نیو، ئەم دەقە بە شێوەیەکی نوێ دەگەڕێتەوە و من لە رێگەی ئەم کۆنسێرتەوە هەوڵ دەدەم شاکارەکە نەک تەنیا بخوێنمەوە، بەڵکو بیگوازمەوە بۆ ناو هەستی ئەمڕۆی گوێگر."

دانا محیەدین ئاماژەی بەوەش دا، "لە ناو ئەم پڕۆژەدا، دەقەکانی "مەم و زین"، وەک بنچینەی ئاوازەکان وەرمگرتووە، هەوڵم داوە بە سوودوەرگرتن لە موزیک و ریتمی هەر چوار بەشی کوردستان، فۆڕمێکی نوێی دەنگی دروست بکەم؛ فۆڕمێک کە تێیدا میلۆدییەکانی باکور، ئاوازەکانی باشوور، هەستە موزیکییەکانی رۆژهەڵات و دەنگی رۆژئاوا لە یەک شوێندا کۆبکەمەوە. ئەم تێکەڵکردنەش تەنیا بابەتێکی تەکنیکی نییە؛ بەڵکو هەوڵێکە بۆ بەرجەستەکردنی ئەو بیرۆکەیەی کە کولتوری کوردی، لە جیاوازییەکانیەوە، توانای دروستکردنی زمانێکی هاوبەشی هەیە."

دەربارەی گرنگی کۆنسێرتەکە، دانا محیەدین دەڵێت، "کۆنسێرتەکە هەروەها بانگهێشتێکە بۆ گەڕانەوە بۆ یادەوەری. لە هەر ئاواز و هەر گۆرانییەکی ریتمدا، هەوڵ دەدەم گوێگر بگەڕێنمەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە ژیانی کوردی لێوە هەڵقوڵاوە؛ لە دەنگی گوند و زەماوەندەکانەوە تا شێوازی گێڕانەوە و هەستی هاوبەشبوون. هەروەها هەڵەبجە، وەک شوێنی میوانداری ئەم رووداوە، لە خۆیدا مانایەکی تایبەت هەڵدەگرێت، شارێک کە بیرەوەری و ژیانی لە یەک شوێندا هەڵگرتووە، ئێستا دەبێتە شوێنی پێشکەشکردنی بەرهەمێک کە باس لە پەیوەندی نێوان مێژوو و ئێستا دەکات."

بڕیارە رۆژی شەممە 27ی حوزەیرانی 2026، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە، کۆنسێرتی "مەم و زین"، لە هەڵەبجە لە هۆڵی روانگە بەڕێوەبچێت.