لە هۆڵەندا هونەر و کولتوور لە یەک شوێندا هەناسەیان دا
لەلایەن چالاکیی تاقیکردنەوەی کەلتوورە جیاوازەکان، بەهاوکاری بازنەی دەوری ئاگر، چالاکییەکی هونەری و کولتووری، لەژێر ناوی "فێستیڤاڵی چێژوەرگرتن لە هونەر و کولتوور"، لەشاری یۆترێخت، لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەچوو.
نەجات جەوهەر دەڵێت،"چالاکییەکە پەیامێکی کۆمەڵایەتی هەبوو؛ ئەوەی کە هونەر دەتوانێت شوێنێک بۆ دیالۆگ، ناسین و هاوبەشی دروست بکات. لەو کاتەدا کە جیهان زۆرجار بە جیاوازی ناسراوە، ئەم جۆرە چالاکیانە هەوڵ دەدەن ئەو جیاوازییانە بگۆڕن بۆ دەرفەتی نزیکبوونەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی حوزەیرانی2026، نەجات جەوهەر، هونەرمەندی موزیکژەن بە کوردستان24ی گوت، "ئەو چالاکییەمان لە سنووری پێشکەشکردنی مۆسیقا زیاتر بوو و هەوڵماندا شوێنێک بۆ نزیکبوونەوەی مرۆڤەکان و گۆڕینەوەی ئەزموونە کولتوورییەکان دروست بکەین. هەروەها ناوەڕۆکی سەرەکیی چالاکییەکە لەسەر بیرۆکەی کۆبوونەوەی هونەر و مرۆڤایەتی دامەزرا بوو؛ ئەوەی کە چۆن دەنگ، ریتم و ئامرازە جیاوازەکان دەتوانن ببنە زمانێکی هاوبەش بۆ پەیوەندیکردن لەنێوان کەسانی جیاواز، بەبێ ئەوەی زمان یان سنووری جوگرافی ببێتە بەربەست."
نەجات جەوهەر گوتیشی، "لە ناو پڕۆگرامەکەدا، پێشکەشکردنی موزیکی ئەندازەی دەنگە نەبیستراوەکان، لەلایەن عەلی عوسمان، جێگەی سەرنجی زۆری بەشداربووان بوو. ناوی ئەم کارە هونەرییە خۆی ئاماژەیە بۆ دروستکردنی ئەندازەیەکی نەبیستراو؛ واتە تێڕوانینێک بۆ ئەوەی مۆسیقا تەنیا گوێگرتن بە ئاواز نییە، بەڵکو دروستکردنی فەزا، هەست و بیرکردنەوەی نوێیە. پێشکەشکردنەکە بە شێوەیەک رێکخرابوو کە بەشداربووان تەنیا بینەر نەبن، بەڵکو بەشێک بن لە ئەزموونەکە."
ئەو موزیکژەنە باس لە پێشکەشکردنی چالاکییەکەی خۆی دەکات و دەڵێت، "لەگەڵ ئەو چالاکییە، وۆرکشۆپێکی تایبەت بۆ سازی دەف بە سەرپەرشتی خۆم بەڕێوەچوو. ئەم بەشە تەنیا فێرکردنی لێدانی ساز نەبوو؛ بەڵکو ناساندنی رۆڵی ریتم و دەنگ بوو لە دروستکردنی هاوسەنگی و هاوهەستی لەنێوان خەڵکدا. بەشداربووان دەرفەتیان هەبوو لە نزیکەوە لەگەڵ ئامرازەکە کار بکەن و لە رێگەی لێدان و گوێگرتن، بەشێک لە ئەزموونی هونەری من ببینن."
نەجات جەوهەر ئاماژەی بەوەش دا، "هەروەها، بەشداریی هونەرمەندانی جۆراوجۆر رەنگێکی تایبەتی بە چالاکییەکەدا. شێروان غەفور بە دەنگی ڤایۆڵین، هەست و نەرمییەکی تایبەتی دروست کرد، محەمەد کیلیچ بە زوڕنا هەوایەکی رەسەن و گەرمی بە شوێنەکە بەخشی؛ و پاول مۆنکایۆ بە گیتاری کارەبایی رەهەندێکی نوێی بە تێکەڵبوونی دەنگەکان زیاد کرد. ئەم تێکەڵبوونە پێکەوە فەزایەکی هاوبەشیان دروست کرد کە مۆسیقا تێیدا بووە خاڵی یەکگرتن." دەربارەی پەیامی سەرەکیی چالاکییەکە، نەجات جەوهەر دەڵێت، "هەروەها چالاکییەکە پەیامێکی کۆمەڵایەتی هەبوو؛ ئەوەی کە هونەر دەتوانێت شوێنێک بۆ دیالۆگ، ناسین و هاوبەشی دروست بکات. لەو کاتەدا کە جیهان زۆرجار بە جیاوازی ناسراوە، ئەم جۆرە چالاکیانە هەوڵ دەدەن ئەو جیاوازییانە بگۆڕن بۆ دەرفەتی نزیکبوونەوە."
فێستیڤاڵی چێژوەرگرتن لە هونەر و کولتوور، ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2026، بەبەشداری هونەرمەندانی کورد، لەشاری یۆترێخت، لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەچوو.