پووتین: ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا

ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا
ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا

سەرۆکی رووسیا جەختی لەوە کردەوە، کە هێزەکانی رووسیا لە پێشڕەویدان و هێرشەکانی سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر ئامانجه مەدەنییەکان ناتوانن ڕێڕەوی جەنگەکە بگۆڕن.

سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی حکوومەتەکەی رایگەیاند، مۆسکۆ ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتن و رێککەوتنانەی کە لە ساڵی 2022 لە ئەستەنبوڵ بەدەستهاتوون، بە مەرجێک ئەم دانوستانانە پشتبەستوو بن بەو پێشهات و واقیعە نوێیەی کە لەسەر زەوی و لە بەرەکانی جەنگدا هاتووەتە ئاراوە.

پووتین جەختی لەوە کردەوە، کە رووسیا هەمیشە دەرگای کراوەیە بۆ دانوستان لەگەڵ کیێڤ لەسەر بنەمای دەستکەوتەکانی ئەستەنبوڵ، بەڵام پێویستە هەر جۆرە گفتوگۆیەکی ئاشتی لەسەر بنەمای گۆڕانکاری و پێشهاتە مەیدانییەکانی ئێستا بونیات بنرێت.

سەرۆکی رووسیا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "پێویستە سنوورێک بۆ ئەو هەڕەشانە دابنرێت کە رژێمی کیێڤ هەوڵدەدات دروستیان بکات".

ئاماژەی بەوەش کرد، کە یەکە سەربازییەکانی رووسیا بە شێوەیەکی رۆژانە بەردەوامن لە پێشڕەوییەکانیان لە بەرەکانی جەنگدا.

هەروەها پووتین ئاماژەی بە هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان کرد و رایگەیاند: کە هێرش و لێدان لە ئامانجە مەدەنییەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر رەوتی ڕووداوەکان لەسەر هێڵی بەرکەوتن نابێت.

ویستی وڵاتەکەشی دووپات کردەوە کە رووسیا بەردەوام دەبێت لە جووڵەکانی لە ئاراستە جیاوازەکاندا، بە پشتبەستن بە سەقامگیریی ئابووریی نیشتمانی و ئەو دەستکەوتانەی کە هێزە چەکدارەکانی بەدەستیان هێناون.

پووتین ئەوەشی گوت، ئەو هێرشانەی کە منداڵان دەکەنە ئامانج، تەنیا دەبنە هۆی بەهێزترکردنی پێگەی هێزەکانی رووسیا لە گۆڕەپانی جەنگدا.