کاتز: لە باشووری لوبنان ناکشێینەوە و سەرکردەی حوسییەکان دەکەینە ئامانج
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی تەنانەت لەسەر داوای ئەمریکاش لە باشووری لوبنان ناکشێتەوە، هاوکات هەڕەشەی توند لە حوسییەکان دەکات و دەڵێت: ئەگەر رێبەرەکەیان بکەوێتە بەرچاویان، لەناوی دەبەن.
چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، یسرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە تەلئەڤیڤ، ئاماژەی بەوە کرد، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رێگە نادەن نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتی لوبنانی بگەڕێنەوە بۆ ئەو ماڵانەی کە لەو ناوچانە چۆڵیان کردووە.
وەزیری بەرگری ئەم بڕیارەی بۆ نیگەرانییە ئەمنییەکان گەڕاندەوە و گوتی: ئەزموونەکانی پێشوو لە ناوچە ئەمنییەکاندا کە ئامادەبوونی مەدەنی تێدا بووە، بووەتە هۆی ئەوەی سەربازانی ئیسرائیل رووبەڕووی هێرشی بۆمبی چێنراو ببنەوە.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانە ناکشێتەوە کە لە باشووری لوبنان کۆنترۆڵی کردوون. دەشڵێت: کە ئەم هەڵوێستەی ئیسرائیل نەرگۆڕە و تەنانەت لەسەر داوای ئەمریکاش ناکشێتەوە.
کاتز، لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا هەڕەشەی لە گرووپی حوسییەکان کرد و رایگەیاند: "حیسابی ئێمە لەگەڵ حوسییەکاندا کراوەیە و دەبێت بە توندی باجەکەی بدەن، ئەگەر سەرکردەکەیان بکەوێتە بەرچاومان، لەناوی دەبەین".
ئەمەش لە کاتێکدایە، تەلئەڤیڤ و بەیرووت، خەریکی تاوتوێکردنی پڕۆژەیەکی تاقیکارین بۆ رادەستکردنی بەشێک لە زەوییەکانی باشووری لوبنان کە سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردوون، بە سوپای لوبنان.