5 هەزار کەس بە جلی کوردییەوە بۆ ریکۆردی گینیس کۆدەبنەوە

فێستیڤاڵی جلوبەرگی کولتووریی کوردی لەلایەن رێکخراوی "کوردستان فاوندەیشن" لە شاری هەولێر دەستیپێکرد، کە تێیدا لە رێگەی کۆکردنەوەی زیاتر لە 5,000 کەس بە جلی رەسەنی کوردییەوە، هەوڵێکی فەرمی و مێژوویی دەدرێت بۆ تۆمارکردنی ناوی کوردستان لە کتێبی ژمارە پێوانەیییەکانی گینیسدا.

شاری هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026، میوانداریی رووداوێکی مێژوویی و نەتەوەیی دەکات. رێکخراوی "کوردستان فاوندەیشن" فێستیڤاڵی جلوبەرگی کولتووریی کوردی ساز دەکات، کە تێیدا هەوڵ دەدرێت گەورەترین کۆبوونەوەی مرۆڤایەتی بە جلی رەسەنی کوردییەوە ئەنجام بدرێت و ناوی کوردستان لە کتێبی ژمارە پێوانەیییەکانی گینیسدا تۆمار بکرێت.

کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە گۆڕەپانی دەرەوەی ناوەندی گەنجان لە شاری هەولێر، چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە دەستیپێکرد؛ پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 5,000 کەس بە جلی رەسەنی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە بەشداری بکەن، تاوەکو رەنگینیی میراتی کورد بە جیهان بناسێنن.

بەپێی کارنامەی فێستیڤاڵەکە، لە ئێوارەوە تا کاتژمێر 7:00 ناوتۆمارکردن و پێشانگای جلوبەرگی رەسەن بەردەوام دەبێت. ساتەوەختی یەکلاییکەرەوە کاتژمێر 8:00ی شەو دەبێت، کە تێیدا پڕۆگرامی سەرەکیی سەر ستەیج و هەوڵی فەرمی بۆ تۆمارکردنی ژمارە پێوانەییەکە دەستپێدەکات، و بڕیارە کاتژمێر 8:30ـی شەو ئەنجامی کۆتایی رابگەیەنرێت.

کوردستان فاوندەیشن ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجیان لەم کارە، تەنیا شکاندنی ریکۆرد نییە، بەڵکو پاراستنی میراتی نەتەوەیی، پتەوکردنی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و ئیلهامبەخشینە بە نەوەی نوێ بۆ ئەوەی شانازی بە شوناس و کولتووری خۆیانەوە بکەن.

ئەم فێستیڤاڵە وەک دەرفەتێکی زێڕین دەبینرێت بۆ ئەوەی شوناسی کوردی لە رێگەی هەوڵێکی نێودەوڵەتییەوە لە کتێبی گینیسدا دەنگ بداتەوە و سەرنجی جیهان بۆ لای جوانی و رەسەنایەتی جلی کوردی رابکێشێت.