فێستیڤاڵی جلوبەرگی کولتووریی کوردی چووە نێو کتێبی گینیس

فێستیڤاڵی جلوبەرگی کولتووریی کوردی لە شاری هەولێر بە سەرکەوتنێکی مێژوویی کۆتایی هات. ڕێکخراوی "کوردستان فاوندەیشن" توانی زیاتر لە هەزار کەس بە جلی ڕەسەنی کوردییەوە کۆبکاتەوە و بەوەش کوردستان بە فەرمی ناوی چووە ناو کتێبی ژمارە پێوانەییەکانی گینیس بۆ گەورەترین کۆبوونەوەی مرۆڤایەتی بە جلی نیشتمانییەوە.

ڕۆژی چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026، ساکار عەلی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کوردستان فاوندەیشن بە کوردستان 24ی ڕاگەیاند، ڕیکۆردی کۆکردنەوەی زۆرترین کەس بە جلی کوردی بە 250 کەس تۆمار دەکرا، لە فێستیڤاڵەکەمان توانیمان زیاتر لە ژمارەیە کۆبکەینەوە.

ئاماژەشی دا، بۆ یەکەم جارە فێستیڤاڵێک بۆ تۆمارکردنی ڕیکۆردی کۆبوونەوەی مرۆڤایەتی بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردییەوە لە کوردستان ئەنجام دەدرێت.

بەمەش شاری هەولێر، بووە شانۆی ڕووداوێکی نەتەوەیی ناوازە. چالاکییەکان کاتژمێر 5:00ی ئێوارە لە گۆڕەپانی دەرەوەی ناوەندی گەنجان دەستیان پێکرد، کە تێیدا هەزاران گەنج لە سەرانسەری کوردستانەوە بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و ڕەسەنی ناوچە جیاوازەکانەوە ئامادە بوون.

دوای چەند کاتژمێرێک لە ناوتۆمارکردن و پشکنینی ورد لەلایەن نوێنەرانی نێودەوڵەتییەوە، کاتژمێر 8:00ی شەو پڕۆگرامی سەرەکیی سەر ستەیج دەستی پێکرد. دواجار لە کاتژمێر 8:40ی شەودا، ئەنجامی کۆتایی ڕاگەیەندرا و بە فەرمی شکاندنی ڕیکۆردی پێشوو و تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ بە ناوی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، کە بووە هۆی جۆش و خرۆشێکی گەورە لە ناو ئامادەبوواندا.

ڕێکخراوی کوردستان فاوندەیشن ڕایگەیاند کە ئەم سەرکەوتنە تەنیا شکاندنی ڕیکۆردێک نییە، بەڵکو پەیامێکی بەهێز بوو بۆ پاراستنی میراتی نەتەوەیی و نیشاندانی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی بە جیهان. ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە، کە ئیلهامبەخشین بوو بە نەوەی نوێ بۆ شانازیکردن بە شوناسی خۆیانەوە، بە تەواوی بەدی هات.