بەڵگەفیلمی "ئەی رەقیب سروودی بەرخودان و ژیان" لە هەولێر نمایشکرا
لەلایەن بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی سینەما و جەماوەر، لە ساڵیادی شەهیدبوونی شێخ حوسێن بەرزنجی، بەڵگەفیلمی "ئەی رەقیب سروودی بەرخودان و ژیان"، لە هەولێر لە ئێمپایەر سینەما نمایشکرا.
چوارشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026، شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر بە کوردستان24ی گوت، "ئەم بەڵگەفیلمە هاوکات لەگەڵ ساڵیادی شەهیدبوونی شێخ حوسێن بەرزنجییە، کە بە ئاوازدانەری شیعری "ئەی رەقیب"ی دڵدار ناسراوە، هەروەها محەممەد ساڵح بەرزنجی بیرۆکەی ئەو بەڵگەفیلمەی داناوە و د. نیاز لەتیف کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. ئەو کەسایەتییە ناوی بە شێوەیەکی گرنگ بە مێژووی دروستبوون و بڵاوبوونەوەی سروودی "ئەی ڕەقیب" گرێدراوە. بەڵگەفیلمەکە تەنیا سەرنج نادات بە رووداوە مێژووییەکان، بەڵکو هەوڵ دەدات مانای قووڵتری ئەو سروودە بخاتەروو؛ سروودێک کە لە ماوەی دەیان ساڵدا بووەتە دەنگی بەرهەڵستی، هیوای مانەوە و ناسنامەی گەلی کورد".
شاخەوان مستەفا باس لە گرنگی ناوەڕۆکی بەڵگەفیلمەکە دەکات و دەڵێت، "ناوەڕۆکی بەڵگەفیلمەکە بە شێوەیەکی رۆژنامەوانانە و لێکۆڵینەوەیی پێکدێت لە دۆزینەوەی بەڵگە مێژووییەکان، باسکردنی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە، و پیشاندانی ئەو بارودۆخانەی کە لە دڵیاندا وشەکانی "ئەی رەقیب" لە سروودێکی سادەوە بووە بە نیشانەیەکی نەتەوەیی. هەروەها بەڵگەفیلمەکە هەوڵ دەدات بینەر تەنیا بە بیرەوەری نەهێڵێتەوە، بەڵکو پرسیارێکی گرنگیشی بخاتە بەردەم کە چۆن هونەر و وشە دەتوانن لە کاتی قەیران و گۆڕانکارییە مێژووییەکاندا ببنە هێزی مانەوە و پاراستنی ناسنامە".
بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم نمایشە بۆ ئەوانەی حەز دەکەن مێژووی هاوچەرخی کوردستان لە رێگەی سینەما و بەڵگەفیلم بخوێننەوە، دەرفەتێکە بۆ نزیکبوونەوە لە چیرۆکی سروودێک کە هێشتا لە هەست و بیرکردنەوەی چەندین نەوەدا زیندووە".
شێخ حوسێن بەرزنجی، لە ساڵی 1919 لە ناوچەی قادر کەرەمی سەر بە کەرکووک لەدایکبووە. لە بنەماڵەیەکی خاوەن تەکیە و تەریقەت گەورە بووە، بەڵام خۆی بوو بە کەسایەتییەکی رۆشنبیری، دیموکراتخواز و نیشتمانپەروەر. لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا چالاک بوو و پەیوەندی بە بزوتنەوەی هیوا و دواتر حزبی شیوعی هەبوو، لە بواری رۆژنامەگەری و ئەدەبدا نووسەری رۆژنامەی باسەڕە و گۆڤاری شەفەق و گەلاوێژ بوو و ژمارەیەک لە چیرۆکەکانی چیخۆف و تۆڵستۆی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی. لە بواری هونەر و مۆسیقادا ناوی بە ئاوازدانانی سروودی "ئەی ڕەقیب" ناسراوە. هەروەها پارێزەر بوو و لایەنگری جوتیاران و چاکسازی کشتوکاڵی بوو. شێخ حوسێن بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی شارەزا بوو و لە کەسایەتییە رۆشنبیری و کاریگەرەکانی کەرکووک هەژمار دەکرا.