زانا مەلا خالید: هاوپەیمانێتیی یەکێتی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید لەژێر فشاردا بووە
زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، پارتی دەرگای گفتوگۆی بۆ تەواوی لایەنە سیاسییەکان کردووەتەوە، بەڵام یەکێتی نایەوێت پڕۆسەی سیاسی رێچکەی خۆی بگرێتە بەر.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، زانا مەلا خالید لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی ڕۆژ"ی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند "لە ماوەکانی ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان دەرگای گفتوگۆی بەڕووی تەواوی حزبە سیاسییەکاندا کردووەتەوە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕ و پڕ لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەچوون، بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان."
بەرپرسی لقی دووی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتی لەو دانوستانانەدا بەردەوام هەوڵی داوە کات بەفیڕۆ بدات و نەیانویستووە پڕۆسەی سیاسی رێچکەی خۆی بگرێتە بەر و کابینەی نوێی حکوومەت پێکبهێنرێت.
شاسوار عەبدولواحید و هاوپەیمانێتییە "فشار لێکراوەکە"
هەروەها ، زانا مەلا خالید تیشکی خستە سەر بارودۆخی شاسوار عەبدولواحید و گوتی: شاسوار عەبدولواحید لە زیندان ئازاد نەکراوە، بەڵکو لە زیندان هێنراوەتە دەرەوە و ئەو هاوپەیمانێتییەش کە باسی لێوە دەکرێت لەگەڵ یەکێتی ئەنجامی داوە، لەژێر فشاردا بوو.
بەرپرسی لقی دووی پارتی سەرنجی بۆ گۆڕانی هەڵوێستەکانی سەرۆکی نەوەی نوێ راکێشا و گوتی "شاسوار هەر ئەو کەسە بوو کە پێشتر باسی هەڵواسینی کەسە یەکەمەکانی یەکێتی لە بەردەم دەرگای سەرا دەکرد، کەچی ئێستا هەڵوێستی پێچەوانەی لێ دەبیسترێت."
تەحەدای کۆکردنەوەی 38 کورسی دەکات
زانا مەلا خالید دڵنیایی دا کە دەنگدەرانی نەوەی نوێ ئەم هاوپەیمانێتییە قبوڵ ناکەن و ناتوانن لەو چوارچێوەیەدا 38 کورسی کۆبکەنەوە. لە کۆتاییدا وەک تەحەدایەک بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە گوتی "ئەگەر راست دەکەن، بۆ سەلماندنی ئەو راستییە با زووترین کات کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بکەن، بزانن دەتوانن ئەو ژمارە کورسییە لەو هاوپەیمانێتییەدا کۆبکەنەوە".