بەقایی: لێدوانەکانی واشنتن بێ متمانەییمان بەرامبەر ئەمریکا زیاتر دەکات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی توند لە هەڵوێست و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا دەگرێت سەبارەت بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان و رایدەگەیەنێت، ئەم جۆرە رەفتارانە تەنیا بێ متمانەیی مێژوویی ئێرانییەکان بەرامبەر بە واشنتن زیاتر دەکات.

چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا هیچ کاتێک لە رەفتارەکانیاندا بەرامبەر بە گەلی ئێران راستگۆ نەبوون. لە کاتێکدا ئێران گومانی هەبوو، بەڵام بە نیازپاکییەوە چووە نێو پرۆسەی دیپلۆماسییەوە و یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنانی بە جەنگی سەپێندراو، واژۆ کرد.

بەقایی سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئێرانییەکان دەزانن دوژمنایەتییەکانی ئەمریکا بە تەنیا رێککەوتنێک کۆتایی نایەت، بۆیە هەموو هەنگاوەکانیان بە وریاییەوە دەبێت. گوتیشی: "لێدوانە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، تەنیا وەبیرهێنانەوەی شکاندنی بەڵێنەکانی رابردووی ئەو وڵاتەیە."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی لە پرەنسیپی پابەندی بەرامبەر پابەندی کردەوە و داوای لە ئەمریکا کرد کە پابەندی ئەرکە هاوبەشەکان بێت و خۆی لەو لێکدانەوانە بەدوور بگرێت کە بە تەواوی پێچەوانەی دەقی روونی ناو یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەن.