ئێران تاکە رێڕەوی رێگەپێدراو بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان دیاریی دەکات

هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکی توند دەدەنە کەشتییەکان و رایدەگەیەنن، تەنیا لەو رێڕەوانەوە دەتوانن بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ بن کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دیاریکراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "پێش چەند کاتژمێرێک، هەندێک لایەن بەبێ ئاگاداری و هەماهەنگی لەگەڵ ئێران، رێڕەوێکی نوێیان بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز راگەیاندووە، ئەمە کارێکی قبوڵنەکراو و زۆر مەترسیدارە."

لە راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران هاتووە، "تاکە رێڕەوی رێگەپێدراو" بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، ئەو رێگەیەیە کە ئێران دیاریی کردووە، سوپای پاسداران هۆشداری دەدات کە هەر جوڵەیەکی کەشتییەکان لە دەرەوەی ئەم رێڕەوانە قەدەخەیە و مەترسییەکی گەورە بۆ سەر کەشتییەکان دروست دەکات.

هەروەها سوپای پاسداران مەرجی تێپەڕبوونی کەشتییەکانی دیاری کردووە و رایگەیاندووە، "پێویستە هەموو کەشتییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووەکەدا، لە رێگەی (کەناڵی 16)ـەوە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران بکەن، بە پێچەوانەوە هەر کەشتییەک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی توندی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر."

چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026،  کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی جیهانیی وزە، ئاماژەی بەوە کرد "ئاساییبوونەوەی جوڵەی گواستنەوەی نەوت بەهۆی ئەو مینانەی کە ئێران لە گەرووی هورموزدا چاندبوونی دواکەوت، بەڵام ئەمریکا ئاسایشی گواستنەوەی نەوت بە گەرووەکەدا زامن دەکات، تەنانەت بەبێ رێککەوتن لەگەڵ ئێرانیشدا".

هاوکات باسی لەوە کرد، لە ماوەی 24 کاتژمێر، 72 کەشتی لە گەرووی هورمزەوە دەرچوون کە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بارکردبوو".

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە واشنتن و تاران لە 18ـی ئەم مانگەدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد و رۆژی یەکشەممەش 21ـی حوزەیران لە سویسرا دەستیان بە دانوستان کرد بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە 28ـی شوباتی رابردوودا هەڵگیرسا بوو.