عێراق لیژنەیەکی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی خەرجییەکانی بودجە پێکدەهێنێت
حکوومەتی عێراق بڕیاریدا لیژنەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی بودجە و هەڵسەنگاندنی خەرجییەکان پێکبهێنێت، ئامانج لێی چاودێریکردنی پرۆسەی خەرجکردنی پارەیە لەسەر بنەمای پێویستی و بەرنامەی داڕێژراو، نەک تەنها پابەندبوون بە ماددە یاسایییەکان.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە کوردستان24ـی رایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە لیژنەیەک بۆ بودجە و هەڵسەنگاندنی خەرجییەکان پێکبهێنێت. ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەکە لەجیاتی پابەندبوونی تەنیا بە بڕگە و ماددەکانی یاسای بودجە، زیاتر تیشک دەخاتە سەر هەڵسەنگاندنی خەرجییەکان.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران گوتیشی، ئەو لیژنەیە بە واتای پشتگوێخستنی بودجەی گشتی نایەت، بەڵکو دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە بودجە. راشیگەیاند، لیژنەکە چاودێری پرۆسەی خەرجکردن دەکات و دەبێت هەموو خەرجییەک لەسەر بنەمای پێویستی و بەرنامەیەکی دیاریکراو بێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح باسی لەوەش کرد، ئەو لیژنەیە هەڵسەنگاندن بۆ پێویستییەکان دەکات؛ بۆ نموونە ئەگەر پارێزگایەک پێویستی بە قوتابخانە یان پڕۆژەیەکی گرنگ هەبێت، دوای وردبینی و هەڵسەنگاندن بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەت وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان، بڕیار لەسەر خەرجکردنی بودجە بۆ ئەو پڕۆژەیە دەدرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەکە پێویستی بە ئیرادەیەکی جدی هەیە و ناکرێت فەرمانگە و دامەزراوەکان پشتگوێ بخرێن. جەختیشی کردەوە کە بودجەی بەکارخستن لە عێراق زۆر گەورەیە و گۆڕینی بۆ بەرنامەکان کارێکی سەختە و پێویستی بە کات هەیە.
ئەم بڕیارەی حکوومەت لە کاتێکدایە، کە لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق پێشنیازی ئامادەکردنی یاسای بودجەی بچووکراوەیان کردبوو، بەڵام کۆدەنگی پێویستی بۆ دروست نەبوو.