مونا قەهوەچی: مێژوو هەڵوێستی نیشتمانی و نانیشتمانی جیا دەکاتەوە

مونا قەهوەچی رایدەگەیەنێت، قەوارەی هەرێمی کوردستان بە خوێنی شەهیدان هاتووەتە بەرهەم و بەرگریکردن لێی ئەرکێکی نیشتمانییە، هاوکات نیگەرانیی خۆی نیشان دەدات بەرانبەر بەو سەرۆک حزبانەی بۆ شاردنەوەی شکستەکانیان هێرش دەکەنە سەر دامەزراوەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان لە راگەیەنراوێکدا تیشکی خستە سەر پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و گوتی: "هەرێمی کوردستان بە بڕیارێکی کاغەزی یان بەخشینێکی سیاسی دانەمەزراوە، بەڵکوو بە خوێنی شەهیدان، خەباتی پێشمەرگە و قوربانیدان هاتووەتە کایەوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان ئاماژەی بەوە کرد، جێی داخە کاتێک سەرۆکی حزبێکی کورد دژی قەوارە و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بوەستێت، لە کاتێکدا ئەم قەوارەیە بە قوربانیدانی هەزاران شەهید و پێشمەرگە دروست بووە.

سەبارەت بە رەخنەگرتن و بەکارهێنانی دامەزراوەکان بۆ ململانێی سیاسی، مونا قەهوەچی روونی کردەوە، بوونی رەخنەی بەرپرسانە پێویستە، بەڵام کاتێک هێرش بۆ سەر قەوارەی هەرێم دەکرێت بۆ ئەوەی هەڵە و شکستی سیاسی پەردەپۆش بکرێت، ئەوە خزمەت بە پرۆسەی چاکسازی ناکات، بەڵکوو بە پێچەوانەوە زیان بە بەرژەوەندیی گشتی و متمانەی خەڵک دەگەیەنێت.

لە کۆتاییدا هۆشداریی دا بەوانەی لە پێناوی دەستکەوتی کاتی و بەرژەوەندیی حزبیدا هەوڵی لاوازکردنی دامەزراوەکانی هەرێم دەدەن، پێویستە بزانن مێژوو هەمیشە هەڵوێستی نیشتمانی و نانیشتمانی لێک جیا دەکاتەوە و بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و بابەتی پەردەپۆشکردنی هەڵە نییە.