212 کەس لە ئیسپانیا بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدا
داتاکانی تەندروستی لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دەریانخست، لانیکەم 212 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە نێوان رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممەدا تۆمارکراون کە پەیوەندییان بەو شەپۆلە گەرما توندەوە هەیە کە وڵاتەکەی گرتووەتەوە.
پێنجشەممە 25ـی حوزەیرانی 2026، پەیمانگای تەندروستی کارلۆسی سێیەم لە شاری مەدرید رایگەیاند، ئەم خەمڵاندنانە پشت بە سیستمێک دەبەستن کە ژمارەی رۆژانەی مردن لە ئیسپانیا کۆدەکاتەوە و جیاوازییەکەی لەگەڵ ئەو رێژەی مردنە دەپێوێت کە بەپێی داتاکانی رابردوو تۆمارکراون، ئاماژەی بەوەشکردووە، بە گوێرەی دوایین ئامار کە دەستیان کەوتووە لە ماوەی 4 رۆژی رابردوودا لایەنی کەم 212 کەس بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
بەربەستی ئۆمیگا:
ئەم شەپۆلە گەرما توندە بەردەوامە لە گرتنەوەی رۆژئاوای ئەوروپا، ئەوەش بەهۆی دیاردەیەکی کەشوهەواوە کە بە "بەربەستی ئۆمیگا" ناسراوە، ناوی ئەم دیاردەیە لە شێوەی پیتی یۆنانی (Ω) وەرگیراوە، کە تیایدا بڕێکی زۆر لە هەوای گەرمی جێگیر و پەستانی بەرز لە نێوان دوو ناوچەی پەستانی نزم و ساردتردا گیر دەخوێت.
لە بارودۆخی ئاساییدا، رەوتە هەواییەکان سیستەمەکانی کەشوهەوا بە جێگیری لە رۆژئاواوە بەرەو رۆژهەڵات دەبەن، بەڵام لە کاتی روودانی "بەربەستی ئۆمیگا"دا، ئەم رەوتە تێکدەچێت و رەنگە بەرەو باکوور یان باشوور لابدات، ئەمەش دەبێتە هۆی دابڕانی سیستەمەکانی پەستان.
لە ئەنجامدا، هەوای گەرم لەسەر هەمان ناوچە جێگیر دەبێت و بە شێوەیەکی گشتی ئەم دیاردەیە لە نێوان سێ بۆ دە رۆژ بەردەوام دەبێت، بەڵام رەنگە بۆ چەند هەفتەیەکیش بخایەنێت، هەروەها پەستانی بەرز رێگری لە دروستبوونی هەور دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئاسمان ساماڵ بێت و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببنەوە، ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەرمای توند لە فەرەنسا و ئیسپانیا کە تیایدا پلەکانی گەرما 40 پلەی سەدییان تێپەڕاندووە.
هەرچەندە زاناکان هێشتا لەسەر ئەوە رێکنەکەوتوون کە گۆڕانی کەشوهەوا چۆن کاریگەری لەسەر دووبارەبوونەوەی ئەم دیاردەیە هەیە، بەڵام کۆدەنگییەکی زانستی جیهانی هەیە کە گۆڕانی کەشوهەوا توندیی شەپۆلەکانی گەرما زیاد دەکات، هاوکات دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان کە بەهۆی سووتانی خەڵوز و نەوت و گازەوە دروست دەبن، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی بە رێژەی 1.3 پلەی سەدی لە چاو سەردەمی پێش پیشەسازی، ئەمەش وایکردووە شەپۆلەکانی گەرما بگەنە ئاستێکی مەترسیدارتر.