رێبوار بابکەیی: دەبێت بەپێی یاسای تیرۆر مامەڵە لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید بکرێت
رێبوار بابکەیی، رایدەگەیەنێت، قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و فرمێسکی دایکانە و موڵکی هیچ کەس و لایەنێک نییە؛ جەختیش دەکاتەوە کە هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئەم قەوارەیە لە سەرووی خیانەتی نیشتمانییەوەیە.
رێبوار بابکەیی، بەرپرسی پێشووی لقی 10 پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، بە کوردستان24ـی گوت: شاسوار عەبدولواحید "گرێکوێرەی دەروونی" بەرامبەر بەم قەوارەیە هەیە و گوتی: "ئەم کابرایە بازرگانێکی سیاسی و تەڵەکەبازە، پاشناوی سیاسی بۆ ئەم کەسە گونجاو نییە. ئەو ئامادەیە گەلی کوردستان بکاتە قوربانی تاقە پێڵاوێکی حەشدی شەعبی یان نەیارانی کورد تەنها بۆ ئەوەی گیرفانی خۆی و بنەماڵەکەی پڕ بکات.
سەبارەت بە لێدوانەکانی دوێنێی شاسوار عەبدولواحید، رێبوار بابکەیی ئاشکرای کرد "ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە نمایشێکی سیاسی بوو، سیناریۆکەی لە لایەن یەکێتییەوە بۆ داڕژابوو، تەنانەت دەقی قسەکانیشی بۆ نووسرابووەوە و شاسوار تەنها وەک ڕیمۆت کۆنتڕۆڵ لە ژێر دەستی بافڵ تاڵەبانی و یەکێتیدا دەجووڵێندرێت."
رێبوار بابکەیی جەختی کردەوە کە پێویستە رێکاری یاسایی توند بەرامبەر شاسوار بگیرێتەبەر و گوتی "شاسوار هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاندووە. دەبێت بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە سێی ساڵی 2006 مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، چونکە قسەکانی دەچنە چوارچێوەی تۆقاندن و تیرۆری فیکری دژی خاک و نەتەوە. نەهێشتنی ئەم قەوارەیە لە سەرووی خیانەتی نیشتمانییەوەیە."
هەروەها باس لەوە دەکات، "قەوارەی هەرێم هی شاسوار و بافڵ تاڵەبانی نییە، موڵکی شەهیدانە. جێگەی داخە یەکێتی بووەتە هاوپەیمانی کەسێکی وەک شاسوار کە هەڕەشە لە نەمانی قەوارەیەک دەکات یەکێتی خۆی بە حیزبی شەهیدان دەزانێت تێیدا. پێویستە تێکۆشەرە دێرینەکان و کەسوکاری شەهیدانی یەکێتی ئەم سوکایەتییە لە شاسوار قبوڵ نەکەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رێبوار بابکەیی ئاماژەی بە مێژووی وڵاتانی دیکە کرد و گوتی "لە بەریتانیا بۆریس جۆنسۆن تەنها لەبەر شکاندنی ڕێنماییەکی تەندروستی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا، کەچی لێرە کەسێک بە ئاشکرا هەڕەشە لە تێکدانی کیان و خاکی نیشتمان دەکات. لە هەموو جیهاندا خاک و کیان لای گەل پیرۆزە و نابێت رێگە بدرێت کەس دەستی بۆ درێژ بکات."
لە کۆتاییدا، رێبوار بابکەیی دڵنیایی دایە خەڵکی کوردستان و رایگەیاند "هەتا سەرۆک بارزانی و کوڕ و کچی شەهیدان و پارتی دیموکراتی کوردستان مابن، ئەم قەوارەیە زیاتر گەشە دەکات و دەپارێزرێت. ئەم قەوارەیە تەنیا هی باشوور نییە، بەڵکو موڵکی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەرە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بەم جۆرە نمایشە سیاسییانە تێناچێت."