سلێمانی.. کۆنسێرتێک بۆ زیندووکردنەوەی دەنگ و میراتی حەسەن زیرەک بەڕێوەدەچێت
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، بەهاوکاری گروپی میللی بەشی هونەرەکانی موزیک، ئێوارە کۆنسێرتێکی تایبەت بۆ یادی 54 ساڵەی هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک لەژێر ناوی "نەوایەک لە سلێمانییەوە بۆ ناڵەشکێنە"، لە پارکی ئازادی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ هەینی، 26ی حوزەیرانی 2026، کاروان نەی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی کۆنسێرتەکە بە کوردستان24ی گوت، "ئەم کۆنسێرتە تەنیا پێشکەشکردنی چەند گۆرانییەکی ناسراوی حەسەن زیرەک نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندی نێوان نەوەکان و یەکێک لە گەورەترین دەنگەکانی مۆسیقای کوردی. لەو شەوەدا، بەهاوبەشی لەگەڵ هونەرمەندان لوقمان سەلیم و یاسین محەمەد، ژمارەیەک لە بەرهەمە ناسراوەکانی زیرەک بە شێوازێکی زیندوو و نوێ پێشکەش دەکەین."
کاروان نەی گوتیشی، "ئامانجی سەرەکی کۆنسێرتەکە تەنیا دووبارەکردنەوەی گۆرانییەکان نییە، بەڵکو گەیاندنی ئەو هەست و رۆحەیە کە لە پشت هەر دەق و ئاوازێکی حەسەن زیرەکدا هەبوو. ئەو گۆرانییانەی لەو کۆنسێرتەدا دەڵێین، چیرۆکی عەشق، دووری، دڵتەنگی، خۆشەویستی بۆ خاک، یادی شوێن و هەستە مرۆییەکان دەگێڕنەوە؛ بابەتانێک کە بەشێکی گرنگی ناسنامەی هونەری حەسەن زیرەک پێکدەهێنن."
ئەو هونەرمەندە باس لە بەرهەمەکانی حەسەن زیرەک دەکات و دەڵێت، "زۆربەی بەرهەمەکانی زیرەک بە زمانێکی سادەیە، بەڵام کاریگەر قسەیان لە ناخی مرۆڤ کردووە، بۆیە تا ئێستاش هەر نەوەیەک دەتوانێت خۆی لە ناو ئەو دەنگ و دەقانەدا ببینێتەوە. ئەم کۆنسێرتەش هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەو هەستە دووبارە بگوازرێتەوە بۆ سەر شانۆ و بۆ گوێگر."
دەربارەی ئەو موزیکانەی لەو کۆنسێرتە دەژەنرێت، کاروان نەی دەڵێت، "هەروەها، سازە رەسەنە کوردییەکان لەگەڵ رێکخستنی گروپی مۆسیقا بەکاردێن بۆ دروستکردنی فەزایەکی نزیک لە شێوازی ئەسڵی ئەو بەرهەمانە. ئامانج ئەوەیە گوێگر تەنیا گوێ لە گۆرانی نەگرێت، بەڵکو هەست بەو چیرۆک و یادە بکات کە لە ناو هەر ئاوازێکدا ژیاوە."
کروان نەی ئاماژەی بەوەش دا، "هیوادارم ئەم شەوە هونەرییە ببێتە پردێک بۆ ناساندنی میراتی حەسەن زیرەک بە جیلی نوێ و لە هەمان کاتدا رێزلێنانێکی شایستە بێت بۆ هونەرمەندێک کە دەنگەکەی هێشتا لە بیر و هەستی خەڵکدا زیندوو ماوە."
حەسەن زیرەک، هونەرمەندی گەورەی کورد، لەساڵی 1921 لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە ماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا سەدان گۆرانی و ئاوازی تۆمارکرد و گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی مۆسیقای کوردی بەجێهێشت کە ژمارەی بەرهەمەکانی لە نێوان هەزار تا دوو هەزار گۆرانی باس کراوە.
زیرەک تەنیا گۆرانیبێژ نەبوو، بەڵکو هونەرمەندێکی خۆبەخۆ و داهێنەر بوو؛ زۆرجار دەق و ئاوازی لە هەمان کاتدا دروست دەکرد و لەسەر بنەمای گۆرانی فۆلکلۆری و ژیانی خەڵک بەرهەمی دەخوڵقاند.
زیرەک لەگەڵ گەشت و ژیان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، کاریگەری لە کولتوور و شێوازی ژیانی خەڵک وەرگرت و ئەوە بوو بە هۆی دروستبوونی شێوازێکی تایبەت لە گۆرانی. تا ئێستاش دەنگ و میراتی
هونەری حەسەن زیرەک لە ناو کورددا زیندوو ماوە و بە قوتابخانەیەکی گەورەی مۆسیقای کوردی دادەنرێت.
حەسەن زیرەک لە 26ی حوزەیرانی 2026، لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.