وەیسی محەمەد بە جەمیلە چیرۆکێکی لەبیرکراوەی زیندوو کردەوە
وەیسی محەمەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "جەمیلە"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەم بەرهەمە لەسەر بنەمای چیرۆکی عەشقێکی قووڵ دروست کراوە، چیرۆکێک کە رووداوەکانی لە شاری شەقڵاوە سەرهەڵدەدەن و هەڵگری بیرەوەری و هەستێکی قووڵە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی حوزەیرانی 2026، وەیسی محەمەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "ئەو بەرهەمە شیعر و ئاوازەکەی فۆلکلۆرە، واحید کرمانشاهی دابەشکردنی موزیکەکەی کردووە بە بەشداریی ئۆرکێسترای کرماشان، کە رەنگ و هەناسەیەکی تایبەتیان بە بەرهەمەکە داوە. هەروەها بێژەن ئیبراهیم دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووە و شیاو کاری مۆنتاژی بەرهەمەکەی کردووە."
وەیسی محەمەد باس لە چیڕۆکی تۆمارکردنی گۆرانییەکەی دەکات و دەڵێت، "ئەم بەرهەمە لەسەر بنەمای چیرۆکی عەشقێکی قووڵ دروست کراوە، چیرۆکێک کە رووداوەکانی لە شاری شەقڵاوە سەرهەڵدەدەن و هەڵگری بیرەوەری و هەستێکی قووڵە، بۆیە ئەو داستانە کاریگەرییەکی زۆری لەسەرم دروستکردووە و بووەتە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ گۆرانییەکەم. هیوادارم ئەو بەرهەمە نوێیەم بەدڵی هەموو لایەک بێت و چێژی لێببینن."
وەیسی محەمەد، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لە ساڵی 1972 لەشاری کەرکووک لەدایک بووە، دەرچووی کۆلێژی ئادابە لە زانکۆی سەلاحەددینی هەولێر. خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانییە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.