سلێمانی.. ساکار سلێمان بە زمانی ئێسک و رەنگ، چیرۆکی ژیان دەگێڕێتەوە
ساکار سلێمان، خانمە هونەرمەندی شێوەکار، نوێترین پێشانگەی خۆی لەژێر ناوی "یەکەمین ماڵ"، لە کتێبخانەی گشتی سلێمانی لە گەلەری ئازاد شەوقی کردەوە و دەڵێت، "من لەو پێشانگەیەدا بە داماڵینی پێست و رووکەشی دەرەوەی جەستە و چوونە ناو زمانی ئێسک، هەوڵ دەدەم قسە لەسەر رەسەنایەتی، هێزی ژیان بەخش و توانای بەرهەمهێنانی ژیان بکەم."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی حوزەیرانی 2026، ساکار سلێمان، خانمە هونەرمەندی شێوەکار بە کوردستان24ی گوت، "لەو پێشانگەیەدا 19 تابلۆم نمایش کردووە، کە من تێیدا بە زمانێکی هاوچەرخ و مۆدێرن کارم لەسەر شێوەی ئێسکی حەوز و پێکهاتەکانی جەستەی مرۆڤ کردووە. تابلۆکانم بە شێوازێک دروستکردووە کە زۆر لە وێنە تیشکییە پزیشکییەکان دەچن؛ باکگراوندێکی رەشی قووڵ، لەگەڵ هێڵ و لێدانی فڵچەی سپی و ئازاد، کە شێوەی ئێسکەکان بە ئاسایی و هەستیارانە دەردەخەن."
ساکار سلێمان گوتیشی، "لە ناو هەندێک لە کارەکانم دا، نیشانە و هێڵی سووری توند لە چەقی تابلۆکان دەبینرێت؛ وردەکارییەک کە نەک تەنیا چاو رادەکێشێت، بەڵکو وەک ئاماژەیەک بۆ ژیان، ئازار و دەستپێکی بوون دەخوێندرێتەوە."
ئەو خانمە شێوەکارە باس لە نمایشکردنی تابلۆکانی دەکات و دەڵێت، "شێوازی نمایشکردنی تابلۆکانم، بە ریزبەندییەکی یەکگرتوو لە هۆڵێکی فراوان و رووناک، کەشێکی هاوشێوەی ناوەندی توێژینەوە یان نەخۆشخانە دروستکراوە، بەڵام لە ناو ئەو ساردییەدا، رۆحێکی تەواو هونەری و هەستی مرۆیی هەیە کە بینەر بەرەو ناوەڕۆکی قووڵتر دەبات."
ساکار سلێمان ئاماژەی بەوەش دا، "فەلسەفەی سەرەکی پێشانگەکەم لە ناونیشانەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت؛ "یەکەمین ماڵ"، وەک ئاماژەیەک بۆ منداڵدان و ناوچەی حەوزی ئافرەت، ئەو شوێنە سەرەتایی و پیرۆزەی کە مرۆڤ پێش هاتنە ناو جیهان، لەوێدا دەست بە بوون دەکات، گەشە دەکات و پارێزراو دەبێت."
دەربارەی شێوازی تابلۆکانی و نمایشکردنی لەو پێشانگەیەدا، ساکار سلێمان دەڵێت، "من بە داماڵینی پێست و رووکەشی دەرەوەی جەستە و چوونە ناو زمانی ئێسک، هەوڵ دەدەم قسە لەسەر رەسەنایەتی، هێزی ژیان بەخش و توانای بەرهەمهێنانی ژیان بکەم؛ بەڵام لە هەمان کاتدا، ئازار، بێدەنگی و ئەو پرۆسە ئاڵۆزانەش دەخەمەروو کە لە ناخی بوونی مرۆڤدا روودەدەن."
پێشانگەی شێوەکاری "یەکەمین ماڵ"، رۆژی سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2026، لە کتێبخانەی گشتی سلێمانی، لە گەلەری ئازاد شەوقی کرایەوە و ماوەی 12 رۆژ بەردەوام دەبێت.
ساکار سلێمان، خانمە هونەرمەندی شێوەکار، لەساڵی 1979 لە سلێمانی لەدایکبووە. لە ساڵی 2001 پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی سلێمانی تەواو کردووە، و لە ساڵی 2005 کۆلێژی ھونەری لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە.
