وەزارەتی دارایی وردەکاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داتا و ئاماری فەرمیی لەسەر ژمارەی مووچەخۆران و خەرجییەکانی بڵاوکردەوە، کە بەپێی داتاکان کۆی گشتیی مووچەخۆران گەیشتووەتە ملیۆنێک و 190 هەزار کەس.

هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پەرتووکی کار و چالاکییەکانی ساڵانی 2019 تا 2025، وردترین داتا و زانیاری لەسەر ژمارەی فەرمانبەران، مووچەخۆران و سوودمەندانی بودجەی گشتی بڵاوکردەوە. بەپێی داتاکان،  تا کۆتایی ساڵی 2025، کۆی گشتیی مووچەخۆران گەیشتووەتە ملیۆنێک و 190 هەزار کەس و مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 946 ملیار دینار هەیە.

ئاستی گشتیی مووچەخۆران و بودجەی مانگانە

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان مووچە یان هاوکاریی مانگانە وەردەگرن، بریتیین لە 1,190,391 کەس. بۆ دابینکردنی مووچەی ئەم رێژەیە، مانگانە بڕی 945,817,000,000 دینار خەرجی پێویستە.

داتاکان وەزارەتی دارایی و ئابووری دەریانخستووە کە میلاکی گشتیی حکوومەت 55.86%ـی کۆی مووچەخۆران پێکدەهێنێت کە ژمارەیان 664,933 کەسە، لە بەرانبەردا 44.14%ـی تری مووچەخۆران کە ژمارەیان 525,458 کەسە، لە دەرەوەی میلاکن (وەک خانەنشینان و سوودمەندانی تری کۆمەڵایەتی).

دابەشبوونی مووچەخۆران بەپێی جۆر و پێگەی وەزیفی:

1. فەرمانبەری هەمیشەیی: 382,350 کەس 32.12%.

2. خانەنشینی شارستانی: 201,337 کەس 16.91%.

3. هێزەکانی پێشمەرگە: 152,182 کەس 12.78%.

4. خانەنشینی پێشمەرگە: 139,015 کەس 11.68%.

5. هێزەکانی ناوخۆ: 87,505 کەس 7.35%.

6. شەهیدان و ئەنفالکراوان: 83,224 کەس 6.99%.

7. تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی: 70,945 کەس 5.96%.

8. هێزەکانی ئاسایش: 42,896 کەس 3.60%.

9. فەرمانبەری گرێبەست: 30,937 کەس 2.60%.

دابەشبوونی مووچەخۆران لەسەر ئاستی پارێزگاکان:

داتاکان ئاماژە بە جیاوازیی رێژەی مووچەخۆران لەنێوان پارێزگاکان دەکەن، کە بەم شێوەیەیە:

- پارێزگای هەولێر: بە رێژەی 49%ـی کۆی مووچەخۆران لە پلەی یەکەم دێت، کە ژمارەیان 585,364 کەسە و مانگانە 489 ملیار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت. هۆکاری بەرزیی ئەم رێژەیە بۆ بوونی سێ سەرۆکایەتییەکە، پەرلەمان، ئەنجوومەنی دادوەری و زۆربەی وەزارەت و دەستەکان لە پایتەخت دەگەڕێتەوە.

- پارێزگای سلێمانی: 37%ـی مووچەخۆران پێکدەهێنێت، بە ژمارەی 436,740 کەس و بڕی 341 ملیار دینار.

- پارێزگای دهۆک: 12%ـی مووچەخۆران، بە ژمارەی 140,206 کەس و بڕی 95 ملیار دینار. (تێبینی: خانەنشینانی پێشمەرگە و بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی ئەم پارێزگایە لەسەر میلاکی هەولێر هەژمار کراون).

- پارێزگای هەڵەبجە: 1%ـی مووچەخۆران، بە ژمارەی 15,334 کەس و بڕی 6.9 ملیار دینار. (زۆربەی هێزە ئەمنییەکانی ئەم پارێزگایە لەسەر میلاکی سلێمانی هەژمار کراون).

- ناوچەکانی دیکەی هەرێم: 1%ـی مووچەخۆران بە ژمارەی 12,747 کەس.

مووچەخۆرانی سەر داهاتی ناوخۆ

جگە لەو مووچەخۆرانەی تەمویلیان لە حکوومەتی فیدراڵەوە بۆ دێت، حکوومەتی هەرێم مانگانە مووچەی 86,791 کەس لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکات، کە بڕەکەی دەگاتە 42 ملیار و 623 ملیۆن دینار. ئەم تەمویلە بۆ ئەم چینانەیە:

- مامۆستایانی وانەبێژ لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا: 41,382 کەس.

- فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر بودجەی ئاسایی و داهاتی فەرمانگەکان: 45,409 کەس.

ئەم زانیارییانە وەک بەشێک لە شەفافییەتی دارایی حکوومەتی هەرێم بڵاوکراونەتەوە و تیشک دەخەنە سەر قەبارەی گەورەی پابەندییە داراییەکانی حکوومەت بەرانبەر بە مووچەخۆران لە هەموو سێکتەرەکاندا.