پارکێکی گەورەی گەشتیاری لە شەقڵاوە دروست دەکرێت

دەست بە گەورەترین پارکی شەقڵاوە کراوە
دەست بە گەورەترین پارکی شەقڵاوە کراوە

سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە رایدەگەیەنێت، دەستیان بە دروستکردنی گەورەترین پارکی گەشتیاری لە شارۆچکەکە کردووە و ئەمەش مژدەیەکی خۆشە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە و پارێزگای هەولێر بەگشتی.

ئەمڕۆ شەممە، 27ـی حوزەیرانی 2026، رێکان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە بۆ کوردستان24 گوتی، دەست بە دروستکردنی گەورەترین پارک بە ناوی (سۆرک) لەسەر ئاستی شارۆچکەکە کراوە، ئەم پڕۆژەیەش شەقڵاوە دەباتە قۆناخێکی دیکەی گەشتوگوزار. 

رێکان حەسەن ئاماژەی بەوە کرد، رووبەری گشتیی پڕۆژەکە نزیکەی 40 دۆنم زەوییە، لە قۆناخی یەکەمیشدا لەسەر رووبەری 18 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت، بڕیاریشە لە ماوەی دوو مانگدا ئەم قۆناخە تەواو ببێت.

سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە روونی کردەوە، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە گرنگییەکی زۆری بۆ کەرتی گەشتوگوزار دەبێت و رێژەی سەوزایی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. 

هاوکات باسی لەوە کرد، پڕۆژەکە بۆ سنوورەکە زۆر گرنگە و لە داهاتووشدا فراوانتر دەکرێت، بە جۆرێک شوێنی سەدان خێزانی تێدا دەبێتەوە و دەبێتە شوێنێکی دڵگیر.

ئەو بەرپرسە ئەوەی خستەروو، شەقڵاوە شارۆچکەیەکی گەشتیاریی بەناوبانگە، پێشتر گەشتیاران زیاتر سەردانی ناو بازاڕیان دەکرد، بەڵام لەمەودوا گەشتیاران و خەڵکی ناوچەکەش دەتوانن روو لەو پارکە بکەن بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، بەمەش دانیشتووانی شارۆچکەکە دەتوانن زیاتر سوود لە هاتنی گەشتیاران وەربگرن.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا گرنگییەکی زۆری بە کەرتی گەشتوگوزار و زیادکردنی رێژەی سەوزایی داوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی تایبەتمەندیی گەشتیارییان هەیە.

 شەقڵاوە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و کەشوهەوا فێنکەکەی لە وەرزی هاویندا، لە مێژە یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییە هەرە دیارەکانی پارێزگای هەولێر و عێراق، ساڵانە پێشوازی لە سەدان هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکات.