سەرۆکی ئینستیتیوتی کورد لە بەرلین: لەمەودوا لەبری گوڵ، کتێبی کوردی بکەنە دیاری

لە یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی لە دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا، پڕۆژەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و رەوەندی کوردستانی بۆ گەیاندنی وانەکانی زمانی کوردی بە شێوازی ئۆنلاین بۆ 35 وڵات راگەیەندرا؛ هاوکات جەخت لەسەر دابینکردنی کتێب بە شێوەزارە جیاوازەکان و پیتی ئارامی و لاتینی بۆ منداڵانی دیاسپۆرا کرایەوە.

شەممە 27ی حوزەیرانی 2026، پەیمان خواجە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردیی دەرەوەی وڵات بە کوردستان24ی رایگەیاند: لە ساڵی 2022 تاوەکو ئێستا چوار کۆرسمان بۆ فێربوونی زمانی کوردی لە دیاسپۆرا پێشکەش کردووە، کە هەر کۆرسێک شەش مانگ بووە و سێیان بە شێوەزاری سۆرانی و بادینین.

گوتیشی: لەدوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پەروەردە و رەوندی کوردستانی شێوەزاری کرمانجی سەروو بۆ کۆرسەکان زیاد کراوە؛ پەیمان خواجە ئاشکراشی دەکات، رەوندی کورستانی سەرپەرشتی قوتابخانەکانی 35 وڵات دەکات و 3500 قوتابیش لە سیستمی ئی پەروەردە تۆمار کراون .

شیفا بارزانی: بە پاڵپشتیی مەسرور بارزانی، زمان و کتێبی کوردی دەگەیەنینە دەرەوەی وڵات

هاوکات شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاریی گشتی رەوەندی کوردستانی لە یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی لە دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: کۆنفیدراسۆنی کوردستانی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە بۆ پاراستنی زمانی کوردی؛ ئەمەش وا دەکات حکوومەتی هەرێمی کتێب بە پیتی ئارامی و لاتینی بۆ قوتابخانەکانی دەرەوە دابین بکات؛ هاوکات بەشێوەی ئۆنڵاین فێرکردنی زمانی کوردی دەگەینرێتە هەموو هەموو ماڵێک لە سەرانسەری جیهان.

سەرپەرشتیاریی گشتی رەوەندی کوردستانی لە گوتارەکەیدا، سوپاسی رۆڵی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ سەرخستنی ئەو رێککەوتنە.

شیفا بارزانی جەختیش دەکاتەوە، زمانی ئێمە زمانی باوک و باپیرانمانەو دەبێت بیپارێزین ، دەشڵێت: ئەگەر فیدراسیۆن و قوتابخانە و خانەوادە کوردییەکان دەست لەناودەست بن، دەتوانین بەردی بناخەی زمانێکی ستانداری کوردی لە دیاسپۆرا دابمەزرێنین .

فریاد فازڵ: سەرۆک بارزانی دەڵێت لە ئەوروپا کوردایەتی بکەن نەک حزبایەتی

لای خۆشیەوە، مەم دووگەلا سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: پێویستە لەسەر کورد لە تەواوی جیهان لە نێوان خۆیاندا زمانی کوردی بەکاربهێنن، جەختیش دەکاتەوە هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ زیندوو راگرتنی زمانەکەمان و سنوورەکانمان تێپەڕاندووەو سوود لە تەکنۆلۆژیا وەردەگرین بۆ ئەوەی خۆمان بگەیەنینە ماڵی هەموو خێزانێکی کورد لە جیهاندا .

هەروەها فریاد فازڵ عومەر، سەرۆکی ئینستیتیوتی کورد لە بەرلین بە ئاوارە هەورامی، نێردەی کوردستان24 لە دۆسڵدۆرف، گوت، ئەم کۆنفرانسە زۆر گرنگە، لە هەفتەی رابردوودا ژمارەیەکی کتێبم بۆ ئەو کەسانە بڵاو کردەوە،کە لە ئەڵمانی، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، فەرەنسا، چین، وڵاتانی عەرەبی، فارس و تورک دەیانەوێت فێرو زمانی کوردی ببن؛ گوتیشی: ئەو کتێبانە بە ئەپلیکەیشنین بەردەستن؛ هەروەها تایبەتمەندی QR کۆدیان هەیە و دەتوانی بە دەنگ گوێیان لێ بگری.

سەرۆکی ئینستیتیوتی کورد لە بەرلین باسی لەوەشکرد، ئامانجیان لە بڵاو کردنەوەی ئەو کتێبانە ئەوەیە سنوور لە بەردەم فێربوونی زمانی کوردیدا نەهێڵن،

هاوکات سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتگیریکردنی ئەو کۆنگرەیە و داواشی لە وەزارەتی پەروەردە کرد، ئەو کتێبانەی بۆ فێربوونی زمانی کورد بە پیتی لاتینی و ئارامی داماناوە لیمان وەربگرن و ساڵی داهاتوو بۆ منداڵەکانی دیاسپۆرا بنێرن.

هەروەها فریاد فازڵ عومەر داواشی لە گەلی کورد کرد، لەمەوبەدوا لە جیاتی دیاری گۆڵ نەبن، بەڵکو کتێبی کوردی، بکەنە دیاری؛ باسی لەوەش کرد لە کۆنگرەیە نوێنەری زیاتر لە 30 وڵات بەشداربووە و کتێبی کوردی بە دیاری داواتە هەموویان بۆ ئەوە بیبەنە وڵاتەکەی و کوردی ئەو وڵاتە سوودی لێ ببینێت.

سەرۆکی ئینستیتیوتی کورد لە بەرلین داواش لە قوتابخانەکانی دیکە دەکات بێنە ناو ئەو کۆنگرەیە؛ جەختیش لە گوتەیەکی سەرۆک بارزانی دەکاتەوە و کە دەڵێت: داوا لە کورد دەکەین لە ئەوروپا کوردایەتی بکەن، نەوەک حزبایەتی.