راپرسییەک: رێککەوتنی ئێران لایەنگرانی ترەمپی بێئومێد کردووە

راپرسیی نوێ: جەنگەکە پێگەی ناوخۆیی دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران قایمتر کردووە

راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای دەکات کە ئەو رێککەوتنەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران واژۆی کردووە، بووەتە هۆی دابەزینی رێژەی پشتگیریی هاووڵاتییان و تەنانەت لایەنگرە سەرسەختەکانیشی تووشی گومان کردووە. رێککەوتنەکە کە کردنەوەی گەرووی هورمز و تەرخانکردنی 300 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران دەگرێتەوە، کاردانەوەی توندی لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەمریکا لێکەوتووەتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، رێککەوتنی ئەم دواییەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، شەپۆلێکی رەخنەی لە نێو هەموو لایەنە سیاسییەکان و بەشێک لە دەنگدەرانی حزبی کۆماری دروست کردووە. رێککەوتنەکە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، لەوانە: دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، راگرتنی کاتیی سزاکانی سەر نەوتی ئێران، و دامەزراندنی سندووقێکی وەبەرهێنانی تایبەت بە بڕی 300 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە.

راپرسییەکی نوێی رۆیتەرزو ئیپسۆس نیشانی دەدات کە تەنیا چارەکی ئەمریکییەکان پێیان وایە جەنگی چوار مانگەی رابردوو لەگەڵ ئێران شایەنی ئەو هەموو تێچووە بووە. دەنگدەرانی ترەمپ گومانیان لەوە هەیە کە ئایا دەکرێت متمانە بە تاران بکرێت بۆ پابەندبوون بەو ئاگربەستە، و زۆربەشیان ناڕەزایەتییان بەرامبەر تەرخانکردنی ملیاران دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران دەربڕیوە، وەک یەکێک لە دەنگدەران دەڵێت: "ترەمپ رەخنەی لە سەرۆکەکانی پێش خۆی دەگرت کە دانوستان لەگەڵ خەڵکی نایسایی دەکەن، بەڵام ئێستا خۆی هەمان شت دەکات."

ئەم بێئومێدییە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس دەبێت کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت. زۆرێک لە لایەنگرانی ترەمپ باس لەوە دەکەن کە سەرۆک نەیتوانیوە بەڵێنی گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران بەدی بهێنێت و ئێستا حکوومەتی ئێران لە رووی سیاسییەوە بەهێزتر بووە، لە کاتێکدا هێشتا تواناکانی لە رووی مووشەکییەوە وەک خۆیان ماونەتەوە. هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کاڵاکان بەهۆی جەنگەوە، باری گرانی سەر شانی هاووڵاتییانی قورستر کردووە.

سەرەڕای ئەم رەخنانە، هێشتا بەشێک لە لایەنگرە دڵسۆزەکانی ترەمپ هیوایان وایە ئەمە پلانێکی نهێنی و گەورەتر بێت بۆ چۆکپێدادانی ئێران لە ئاییندەدا. ئەوان پێیان وایە تەنیا رێگە بۆ رێگری لە جەنگێکی تر، رووخاندنی دەسەڵاتی "مەلاکانە" لە تاران. بەڵام شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە جەنگەکە تەنیا پێگەی دەسەڵاتی ئایینی لە ناوخۆی ئێران قایمتر کردووە.

لە بەرامبەردا، یاریدەدەرێکی سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، دەستکەوتەکانی ترەمپ چ لە بەرەکانی جەنگ و چ لەسەر مێزی دانوستان "سەرسوڕهێنەرن" و ئەم رێککەوتنە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ چەندین ساڵی داهاتوو. چاوەڕوان دەکرێت ململانێی نێوان گەشبینیی کۆشکی سپی و بێئومێدیی شەقام، ببێتە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ ترەمپ لە سندوقەکانی دەنگداندا.