کوردانی دیاسپۆرا دەستبەرداری زمان و ناسنامەی خۆیان نابن

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیی فراوان بۆ زمانی کوردی لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا دەستی بە کارەکانی کرد. ئەم کۆنگرەیە کە بە سەدان پسپۆڕ و زمانەوان و چالاکوانی کوردی لە سەرانسەری جیهانەوە کۆکردووەتەوە، ئامانج لێی داڕشتنی ستراتیژییەک بۆ پاراستنی زمانی دایک و هەنگاونان بەرەو ستانداردکردنی زمانی کوردییە لە دیاسپۆرا.

بە دروشمی "زمان ناسنامەی نەتەوەیە"، یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. بەشداربووانی کۆنگرەکە کە لە چەندین وڵاتی جیاوازی ئەوروپا و ئەمریکاوە هاتوون، ئەم هەنگاوە بە وەرچەرخانێکی مێژوویی دەزانن بۆ پاراستنی زمانی کوردی لە بەردەم مەترسییەکانی توانەوە لە ناو کۆمەڵگە رۆژاواییەکاندا.

گریان فەیرۆز، یەکێک لە ئەندامانی کۆنگرەکە، بە کوردستان24ی رایگەیاند بۆ ماوەیەکی درێژە چاوەڕوانی دەسپێکردنی پڕۆژەیەکی لەم شێوەیەن. ئەو هیوای خواست ئەم کۆنگرەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ ستانداردکردنی زمانی کوردی، تاوەکو نەوەکانی داهاتووی کورد لە دیاسپۆرا بتوانن بە شێوەیەکی زانستی فێری زمانی دایک ببن و پەیوەندییان بە ریشە نەتەوەییەکانیانەوە بمێنێت.

کۆنگرەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێکخراوە. بەشداربووان ستایشی پشتگیرییەکانی حکوومەتی هەرێمیان کرد کە ئاسانکاریی تەواوی بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە کردووە. گوڵستان ئاواز، یەکێکی دیکە لە بەشداربووان، ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکییان برەودانە بە فێرکاریی کوردی لە دیاسپۆرا و گوتی: "ئێمە زۆر شانازی دەکەین کە حکوومەتی هەرێم لەم خەباتە نەتەوەییەدا پشتیوانمانە."

نەجاح هێڤۆ، سەرۆکی یەکێتیی ژنانی کورد لە سووریا، جەختی لەوە کردەوە، لەم قۆناخەدا کورد زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە یەکگرتوویی زمانی و ناسنامەیی هەیە؛ گوتی: "زمان کلیلێکە بۆ پاراستنی مێژوو و کولتوورمان، بۆیە ئەرکێکی گەورەیە لەسەر شانی هەموومان کە پەرەی پێ بدەین."

ئەم کۆنگرەیە پەیامێکی ڕوون دەداتە جیهان کە کوردانی تاراوگە جەخت لەسەر مافە کولتوورییەکانیان دەکەنەوە و نایانەوێت زمان و ناسنامەیان لە دەست بدەن. چاوەڕوان دەکرێت بڕیار و راسپاردەکانی ئەم کۆنگرەیە ببنە نەخشەڕێگەیەک بۆ قوتابخانە کوردییەکان لە سەرانسەری جیهاندا.