عەگید کابایێل بۆکسێنەری کورد بووە پاڵەوانی جیهان لە کێشی قورس

عەگید کابایێل بۆکسەری کورد
عەگید کابایێل بۆکسەری کورد

عەگید کابایێل، بووە یەکەمین کوردی ئەڵمانیا لە پاڵەوانێتی WBC لە کێشی قورس ببێتە پاڵەوانی جیهان و پشتێنی زێڕینی بەدەستهێنا، ئەمەش لە کاتێکدایە نزیکەی سەدەیەک بوو هیج پاڵەوانێکی ئەڵمانی نەیتوانیبوو ئەو پشتێنە بباتەوە.
عەگید کابایێل لە هەژماری خۆی لە X رایگەیاند پشتێنی زێڕینی بەدەستهێناوە دوای ئەوەی ئۆلیکساندەر ئوسیک شەڕکەری ئۆکرانی کشایەوە و دەستبەرداری پشتێنەکەی بوو، بەمەش عەگید بووە یەکەمین کورد لە مێژوودا ئەو پشتێنە زيرە بباتەوە.
بۆکسێنەرە کوردەکە دوای ئەوەی بووە پاڵەوان لە پەیامێکدا رایگەیاند هەستێکی باوەڕپێنەکراوە و لە ئێستاوە پاڵەوانی کێشی قورسی جیهانە، دەشڵێت: هیچ وشەیەک نادۆزمەوە بۆ ئەوەی هەستی خۆمی پێدەربىڕم، بەڵێنیش دەدەم هەموو شتێک بکەم بۆ ئەوەی تا ماوەیەکی دوور و درێژ پارێزگاری لەم پشتێنە بکەم.
عەگید کابایێل، ئەگەرچی بەناوی ئەڵمانیا بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکانی جیهان دەکات، بەڵام لەسەر سەکۆی پاڵەوانێتییەکان هیج کاتێک ئاڵای کوردستان لەبیر ناکات و هەفتەی رابردووش وێنەیەکی خۆی و دەنیز ئونداڤی هێرشبەری کوردی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای بڵاوکردبووە و نووسیبووی: هێزی کورد.