کیژان ئیبراهیم خەیات بە ئەوین چیرۆکی دڵ بە زمانی مۆسیقا دەگێڕێتەوە
کیژان ئیبراهیم خەیات، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "ئەوین"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە و دەڵێت، " لەو بەرهەمە نوێیەم دا، هەوڵمداوە چیرۆکی هەست و ئەوین بە شێوازێکی نەرم بگێڕمەوە و هیوادارم بەدڵی هەموو لایەک بێت."
ئەمڕۆ هەینی، 26ی حوزەیرانی 2026، کیژان ئیبراهیم خەیات، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە کوردستان24ی گوت، "گۆرانی "ئەوین"، تێکستەکەی لەلایەن نزار ناشاد نووسراوە و ئاوازەکەی لەلایەن خۆم دانراوە، هەروەها رێکخستنی موزیکەکە لەلایەن بژار دیلان ئەنجامداوە و پڕۆسەی ماستەرکردنی بەرهەمەکەش لە ستۆدیۆی کاتینگ رووم لەلایەن بیۆرن ئێنگلمان جێبەجێ کراوە، هەروەها رزگار باهیر، شاناز ئیفتیخار عەلیخان و ماریجان لاراکەر بەشێک بوون لە تیمی کارکردن لەسەر ئەم بەرهەمە نوێیەم."
کیژان ئیبراهیم خەیات گوتیشی، "لەو بەرهەمە نوێیەکەم دا، هەوڵمداوە چیرۆکی هەست و ئەوین بە شێوازێکی نەرمی مۆسیقیی بگێڕمەوە، ناوەڕۆکی بەرهەمەکە لە دەوری هەستی نزیکی، دڵپڕی، چاوەڕوانی و ئەو ساتانە دەسوڕێتەوە کە مرۆڤ لە ناو پەیوەندییە سۆزدارییەکاندا تێیدا دەژی."
ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە بەرهەمەکەی دەکات و دەڵێت، "لەو بەرهەمەدا هەوڵمداوە ئەو هەستانە بخەمە ناو زمانێکی هونەری کە تێکەڵەیەکە لە ئارەزوو، بیرەوەری و ئەو هیوایانەی کە لە دڵی مرۆڤدا ماونەتەوە. هیوادارم بەدڵی هەموو لایەک بێت و بەدڵ گوێی لێبگرن و چێژی لێوەربگرن."
کیژان ئیبراهیم خەیات، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لە ساڵی 1985 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. کیژان خاوەنی چەندین ئەلبووم و گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپە، ھەروەھا بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵ و کۆنسێرتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کردووە.