ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ جەنگی ئاسمانی دەکات

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بە لێدوانەکانی دەربارەی پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان لە بۆشایی ئاسمان، دەنگدانەوەیەکی زۆری دروست کرد. کاتز رایگەیاند؛ حکوومەتەکەی کار دەکات بۆ پەرەپێدانی توانایەکی سەربازی بێپێشینە، کە بریتییە لە تێکدانی سیستمەکان و ئەنجامدانی هێرشی جوڵەیی لە بۆشایی ئاسمانەوە بەرەو زەوی، بە ئامانجی ئەوەی ئیسرائیل ببێتە یەکەم وڵات لە جیهاندا کە توانای ئەنجامدانی جەنگی لەو جۆرەی هەبێت.

ئێستا هێزی سەربازی تەنیا بە چەکی تەقلیدی و بڵاوەپێکردنی سوپا ناپێورێت، بەڵکو تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و زانیاری بوونەتە بزوێنەری سەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی جەنگەکان. ئیسرائیل دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم هەنگاوەوە بەسەر تەحەددییەکانی مەیدانی جەنگدا باز بدات و ململانێکان بۆ ئاستێک ببات کە بتوانێت زانیارییەکان قۆرخ بکات و توانای دوژمنەکانی لە رووی ئەلیکترۆنییەوە پەکبخات.

دکتۆر محەمەد عەسکەر، راوێژکاری سیستمەکانی زانیاری و ژیری دەستکرد، ئاماژە بەوە دەکات، ئەم لێدوانانە زیاتر راگەیاندنی ئاراستەیەکی ستراتیژییە نەک دەستکەوتێکی تەکنیکی کە ئێستا بەدی هاتبێت. ئەو دەڵێت: پەرەپێدانی سیستمی جەنگی لە بۆشایی ئاسمان پێویستی بە وەبەرهێنانی زەبەلاح و ساڵانێکی زۆر هەیە. بە بڕوای ئەو، مەبەست لە هێرشی بۆشایی ئاسمان تەنیا چەکی خەیاڵی نییە، بەڵکو تێکدانی تۆڕەکانی پەیوەندی و رادار و پەکخستنی مانگە دەستکردەکانی دوژمنە.

لە لایەکی دیکەوە، هانی جەمەل، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندیی تەفکیر بۆ توێژینەوە، پێیوایە ئیسرائیل لە بارودۆخێکی سەختدایە بەهۆی سەرنەکەوتنی لە رووخاندنی دەسەلاتی ئێران، بۆیە ئەم لێدوانانە وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی شکۆ و بۆ مەبەستی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەبینێت. جەمەل دەڵێت؛ ئیسرائیل توانای پەرەپێدانی هەندێک سیستمی سنوورداری هەیە وەک مانگە دەستکردەکانی "ئۆفێک و درۆر 1"، بەڵام بۆ جەنگی گشتگیر لە بۆشایی ئاسمان، هێشتا پشت بە تۆڕی پشتگیری ئەمریکا دەبەستێت.

چاودێران کۆکن لەسەر ئەوەی راگەیاندنی ئەم هەنگاوە نیشانەی چوونە ناو قۆناخێکی نوێی پێشبڕکێی پڕچەککردنە لە جیهاندا. لەم قۆناخەدا بۆشایی ئاسمان دەبێتە مەیدانی سەرەکی بۆ سەلماندنی باڵادەستی تەکنەلۆژی، وەک چۆن لە رابردوودا دەریا و ئاسمان مەیدانی ململانێی هێزە گەورەکان بوون.