هارتس: قەتەر و سعودیە سیستەمی سەربازیی پێشکەوتوویان لە ئیسرائیل کڕیووە

رۆژنامەی "هارتس"ی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، کۆمپانیا بەرگرییەکانی ئیسرائیل بە نهێنی و بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار، سیستەمی سەربازیی پێشکەوتوویان بۆ هەریەک لە قەتەر و عەرەبستانی سعودیە دابین کردووە، سەرەڕای ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی فەرمی لە نێوانیاندا نییە.

یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، رۆژنامەی "هارتس"ی ئیسرائیلی رایگەیاندووە،"بەڵگەنامە و وێنەکان نیشانی دەدەن کە قەتەر سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ( سی میوسیک)ـی کۆمپانیای ئەلبیتی بۆ فڕۆکە تایبەتەکانی کەسایەتییە باڵاکان، لەوانەش فڕۆکەی ئەمیری وڵاتەکە بەدەست هێناوە، هەروەها هەردوو وڵاتی قەتەر و سعودیە پارچەی دروستکراوی ئیسرائیلی، کڵاوی جەنگی و سیستەمی بینینی شەویان بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ئێف-15 وەرگرتووە، ئەمەش لە رێگەی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیای بۆینگ."

بەپێی راپۆرتەکە، کۆمپانیاکانی "ئەلبیت سیستەمز" و پیشەسازیی ئاسمانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدارییان لە پڕۆژە سەربازییە جیاوازەکانی قەتەر و سعودیەدا کردووە، هاوکات سیستەمی (C-MUSIC) کە توانای ناسینەوە و بێکاریگەرکردنی مووشەکی ئاراستەکراوی هەیە، لە سێ فڕۆکەی تایبەتی ئەمیری قەتەردا جێگیر کراوە و یەکێک لەو فڕۆکانە لە گەشتەکەی ساڵی رابردووی ئەمیری قەتەر بۆ تاران بەکار هێنراوە.

هەروەها رۆژنامەکە روونی کردووەتەوە، کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان وەک بەڵیندەر لە پڕۆگرامی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-15ـی قەتەردا بەشدارییان کردووە کە لەلایەن ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم چوارچێوەیەدا، قەتەر 160 یەکەی سیستەمی (JHMCS)  بۆ دیاریکردنی ئامانج کە لە کڵاوی فڕۆکەوانەکاندا جێگیر دەکرێت، بە بەهای 35 ملیۆن دۆلار کڕیوە، هاوکات بۆ سعودیەش، سەدان کڵاوی پێشکەوتوو و سیستەمی بینینی شەو بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی (F-15SA) دابین کراوە.

لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، میدیا عیبرییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رەزامەندی لەسەر چەند گرێبەستێکی بەرگری لەگەڵ قەتەر نیشانداوە کە بەهاکەیان لە 100 ملیۆن دۆلار تێدەپەڕێت.

رۆژنامەی "هارتس" لە کۆتاییدا ئاشکرای کردووە، کۆمپانیایەک کە بەرپرسێکی پێشووی باڵای دەزگای مۆساد و جەنەراڵێکی خانەنشینکراوی سوپای ئیسرائیل (یوئاڤ مۆردەخای) تێیدا هاوبەشن، وەک نوێنەری کۆمپانیاکانی وەک "رافائیل" و "ئەلبیت" رۆڵیان بینیوە لە وتووێژەکان لەگەڵ قەتەر بۆ ئەنجامدانی ئەم گرێبەستانە.