ئەنجوومەنی دادوەریی: لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی بەردەوام دەبێت

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق وردەکاریی نوێی لەسەر دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوت و تێوەگلانی پەرلەمانتاران لە بەکارهێنانی سامانی دەوڵەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات؛ دادوەرێکی لێکۆڵینەوەش رایدەگەیەنێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا رێکاری یاسایی دژی چەندین کەسایەتیی سیاسیی باڵای دیکە دەگیرێتەبەر.

یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، زیا جەعفەر، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتبار، عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن کە لە تشرینی یەکەمی 2025ەوە دەستی پێ کردووە، پەردەی لەسەر تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی هەڵماڵیوە.

بە گوتەی دادوەرەکە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ژمارەیەک کاندیدی هەڵبژاردن بڕە پارەیەکی خەیاڵییان بۆ بانگەشەکانیان خەرج کردووە بە سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی دەوڵەت و بە پشتگیریی کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکانی ناو حکوومەتی پێشوو. هەروەها دەرکەوتووە کە کۆمەڵێک پەرلەمانتار تێوەگلاون لە وەرگرتنی کۆمیسیۆن و بەرژەوەندیی تایبەت لە رێگەی گرێبەستە حکوومییەکانەوە.

دادوەری لێکۆڵینەوە رایگەیاند، لەسەر داوای دادگا، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پارێزبەندیی یاسایی لەسەر پەرلەمانتارە تۆمەتبارەکان لاداوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەسپاکی و هێزە ئەمنییەکان، ژمارەیەک لەو پەرلەمانتارانە دەستگیر کراون و دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارە و بەڵگەی تاواندا گیراوە کە سەرپێچییەکانیان دەسەلمێنێت، لە کاتێکدا بەشێکی دیکەی تۆمەتبارەکان هەڵاتوون و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر بنەمای بەڵگەکان بەردەوامن و لە قۆناخی داهاتوودا رێکاری یاسایی توند دژی کەسایەتیی سیاسیی دیکە و چەندین تۆمەتباری تر دەگیرێتەبەر کە ناویان لە دۆسیەکەدا هاتووە.

ئەم لە کاتێکدایە کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی تێوەگلاو لە گەندەڵی لە عێراق دەستی پێ کردووە و کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەری لێ کەوتووەتەوە.