پۆلیتیکن: ئەمریکا ژینگەی گرینلاندی شێواندووە
رۆژنامەی "پۆلیتیکن" ئاشکرای کرد، ئەمریکا لە کاتی هەڵوەشاندنەوەی بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی لە دوورگەی گرینلاند، بڕێکی زۆر پاشماوەی مەترسیداری بۆ سەر ژینگە بەجێهێشتووە.
یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، رۆژنامەی "پۆلیتیکن"ـی دانیمارکی بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت رایگەیاندووە، ئەو پاشماوانەی ئەمریکا دوای هەڵوەشاندنەوەی بنکە سەربازییەکانی لە گرینلاند جێیهێشتووە بریتین لە سەدان هەزار لیتر سووتەمەنی، ئاوی تیشکدەری بێهێز و کانزا قورسەکان.
لە کانوونی دووەمی رابردوودا، لارس لۆکە راسموسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک رایگەیاندبوو، دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، لە کۆی 17 بنکەی سەربازی لە گرینلاند، تەنها بنکەی ئاسمانی "بیتۆفیک" بە چالاکی ماوەتەوە و ژمارەی سەربازانی ئەمریکیش لە 10 هەزارەوە بۆ نزیکەی 200 کەس کەم بووەتەوە.
رۆژنامە دانیمارکییەکە ئاماژەی بەوە شکردووە،"ئەمریکا پیسبوونێکی ژینگەیی لە گرینلاند بەجێهێشتووە کە زۆر لەوە فراوانترە پێشتر دەزانرا." ئەم ئەنجامانە دوای لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەکە دێن لەسەر 36 بنکە و دامەزراوەی سەربازی پێشووی ئەمریکا لەو دوورگەیەدا.
بەپێی راپۆرتەکە، لەو شوێنانەدا سەدان بەرمیل سووتەمەنی، پاتری ئۆتۆمبێل، بۆری و کێبڵی رزاو، و ملیۆنان لیتر ئاوی تیشکدەری بێهێز دۆزراونەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆی گشتی کێشی ئەو پاشماوە مەترسیدارانەی لەو ناوچانە بەجێهێڵدراون دەگاتە هەزاران تۆن.
رۆژنامەکە هۆشداری دەدات، ئەم پاشماوانە بڕێکی زۆر کانزای قورس و ماددەی ژەهراوی لەخۆدەگرن، ئەمەش زیانی گەورەی بە ژینگەی ناوچەکە و بەتایبەتی بە زیندەوەرە دەریاییەکانی وەک سەدەف و جۆرەکانی تری ناو ئاو گەیاندووە.