هەرێمی کوردستان سێ تۆمەتباری دۆسیەکانی گەندەڵی رادەستی بەغدا دەکات

دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان سێ کەسایەتیی دیاریان دەستگیر کرد کە لە لایەن دەستەی دەسپاکی و حکوومەتی فیدراڵەوە بە تۆمەتی بردنی سامانی گشتی داواکرابوون؛ پەیامنێری کوردستان24یش رایدەگەیەنێت، پرۆسەی رادەستکردنەوەیان لە بازگەی شێراوە ئەنجام دراوە.

یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، گوتی: کاتژمێر 8ـی ئەمشەو، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای فەرمیی حکوومەت و دەستەی دەسپاکیی عێراق، سێ تۆمەتباری نیشتەجێی هەولێریان دەستگیر کرد و رادەستی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵیان کردنەوە.

بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو سێ کەسەی رادەستی بەغدا کراونەتەوە بریتین لە زیاد جەنابی، هیند عەباسی و محەمەد مەیاحی، کە ناویان لە لیستی ئەو کەسانەدایە کە تێوەگلاون لە دۆسیەکانی بردنی سامانی گشتی و گەندەڵی لە عێراقدا.

ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان و بۆ پشتگیریکردنی هەڵمەتە گەورەکەی حکوومەتی فیدراڵ دێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی کاتژمێرێک لە بازگەی شێراوە مانەوە تاوەکوو تەواوی رێکارە یاساییەکانی رادەستکردنەوەی ئەو کەسانە بە لایەنی پەیوەندیداری عێراقی کۆتایی هات.

بە پێی زانیارییە بەدەستهتاووەکان، ئەم هەڵمەتە تەنیا هەولێر ناگرێتەوە، بەڵکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە هاوکاریی تەواوی بەغدا بکات بۆ دەستگیرکردنی هەر تۆمەتبارێک کە پەنای بۆ شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بردبێت.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 47 کەس لە بەغدا و شارەکانی دیکە لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا دەستی پێ کردووە دەستگیر کراون؛ کە لەنێویاندا سەرۆکی حزب، سەرۆکی فراکسیۆن، ئەندامی دەستەی دەستپاکی و پەرلەمانتار هەن.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، دەزگای دژەتیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هەڵمەتێکی فراوانیان ئەنجام دا و تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیر کران.