ئەکسیۆس: ئەمریکا و ئێران لەسەر راگرتنی هێرشەکان رێککەوتن
رۆژی سێشەممە شاندی هەردوو وڵات لە دەوحە کۆدەبنەوە
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای واشنتنەوە بڵاوی کردەوە، ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی نوێ بۆ راگرتنی هێرشە سەربازییەکانی سەر یەکتری؛ بڕیاریشە رۆژی سێشەممە شاندی هەردوو وڵات لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەرووی هورمز.
یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە "ئەکسیۆس"ی راگەیاندووە: "بڕیارمان دا هەموو چالاکییە جەنگییەکان رابگرین"، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە تەقینەوەی تەواوەتیی دۆخەکە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا ئاگربەستە 11 رۆژەکەی نێوان هەردوو وڵات بەهۆی هێرشی دوولایەنە و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ تەواوکردنی ئەرکەکە بە سەربازی کەوتە مەترسییەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکا دووپاتی کردووەتەوە کە بۆ ئێستا هەردوولا هێرشەکانیان ڕاگرتووە و کەشتییەکان دەتوانن بە ئازادی هاتوچۆ بکەن تاوەکو گفتوگۆ تەکنیکییەکان دەستپێدەکەنەوە. بڕیارە رۆژی سێشەممە شاندێکی تەکنیکی بە سەرۆکایەتی نیک ستیوارت بەشداری لە کۆبوونەوەکەی قەتەردا بکەن.
کێشەی سەرەکیی نێوان واشنتن و تاران بۆ جیاوازیی لێکدانەوەی ئەو یاداشتی لێکگەیشتنە دەگەڕێتەوە کە هەفتەی رابردوو واژۆ کرا. هەرچەندە لە سویسرا رێککەوتبوون لەسەر دروستکردنی هێڵێکی گەرم لەنێوان سوپای ئەمریکا و سوپای پاسدارانی ئێران بۆ رێکخستنی هاتوچۆی کەشتییەکان، بەڵام تاوەکو رۆژی شەممە ئەو هێڵە کارا نەکراوە و ئێران دەستی کردووەتەوە بە ناچارکردنی کەشتییەکان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت.
بڕیاربوو گفتوگۆکان رۆژی سێشەممە لە سویسرا بن و تایبەت بن بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە، شوێنی کۆبوونەوەکە گۆڕدرا بۆ قەتەر و تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان تەنیا لەسەر چارەسەرکردنی گەرووی گەرووی هورمز چڕ دەبێتەوە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاو کردەوە،"سەرەڕای هێرشەکان، هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان واشنتن و تاران هەڵنەوەشاوەتەوە و ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە ڕێگەی کەناڵە تایبەتەکانەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی گرژییەکان بەردەوامە." هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، گفتوگۆ تەکنیکییەکان لەگەڵ ئێران هێشتا لە کارنامەی چەند ڕۆژی داهاتوودان.
هەروەها تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران لە زاری بەرپرسێکەوە بڵاوی کردەوە، تاران بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییە و جێبەجێ نەکردنی مەرجەکان بەشداریی لە گفتوگۆ تەکنیکییەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا نەکردووە، پێشتریش ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ڕایگەیاندبوو، گفتوگۆکان بەهۆی نوێبوونەوەی پێکدادانەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوە هەڵپەسێردراون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاندبوو، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر تانکەرە نەوتییەکان، چەندین پێگەی سەربازی و کۆگای درۆن و سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان لە ناوخۆی ئێران و دوورگەی قشم بۆردوومان کردووە.
هاوکات لای خۆیەوە، سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی ئاماژەی دابوو، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا، هەشت پێگە و ژێرخانی سەربازیی سوپای ئەمریکایان لە بنکەی عەلی سالم لە کوەیت و بنکەی هێزی دەریایی پێنجەم لە بەحرەین کردووەتە ئامانج. تاران ئەمریکا بە پێشێلکردنی یاداشتنامەی ئیسلام ئاباد تۆمەتبار دەکات و هەڕەشەی راگرتنی تەواوەتیی پرۆسەی دانوستانەکان دەکات.