دوای ساڵ و نیوێک دووری؛ باوکێک بە گۆرانی باوەشی بۆ کچەکەی کردەوە
لە بەرهەمێکی هونەری پڕ لە هەست و بیرەوەریدا، ئیدریس مەلا حەکیم، دوای ساڵ و نیوێک دابڕان لە کچەکەی، گۆرانییەکی تایبەتی بە ناوی "چریکەی باوک و کچ" بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "چریکەی باوک و کچ، چیرۆکی منە وەک باوکێک، کە لە هەموو ساتە بێدەنگەکانم دا، دەنگی کچەکەم لە بیر نەکردووە."
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی حوزەیرانی2026، ئیدریس مەلا حەکیم، مامۆستای کۆلێژی هونەرە جوانەکان بە کوردستان24ی گوت، "ئەو بەرهەمە ئاواز و تێکستەکەی لەلایەن هونەرمەند کامەران هەولێری ئامادە کراوە، هەروەها دابەشکردن و ئاراستەکردنی موزیکیش د. سیروان محەمەد کردوویەتی. هەروەها سیناریۆ و دەرهێنانی کلیپەکە لەلایەن مامۆستا دانا محەمەد، سەرۆکی بەشی سینەما و شانۆی کۆلێژی هونەرە جوانەکان لە زانکۆی سەلاحەدین، ئەنجام دراوە. وێنەگرتنی بەرهەمەکە یوسف ستات ئەنجامی داوە و بەڕێوەبەری وێنەگریش لەلایەن سەنعان هەولێری بەڕێوەچووە. ئەم بەرهەمە لە کۆتاییدا بە بەرهەمهێنانی من و لەسەر بنەمای بیرۆکە و ئەزموونی کەسیی خۆم هاتووەتە ئاراوە."
ئیدریس مەلا حەکیم گوتیشی، "هەندێکجار مرۆڤ ناتوانێت بە وشە قسە بکات، بۆیە پەنا بۆ هونەر دەبات. بۆ من ئەم بەرهەمە تەنیا گۆرانییەک نەبوو، بەڵکو نامەیەکی دڵی من بوو بۆ کچەکەم؛ نامەیەک کە دوای ساڵ و نیوێک دووری و چاوەڕوانی بە زمانی موزیک نووسرا."
ئیدریس مەلا حەکیم باس لە چیڕۆکی ئەو بەرهەمە دەکات و دەڵێت، "چریکەی باوک و کچ، چیرۆکی منە وەک باوکێک، کە لە هەموو ساتە بێدەنگەکانم دا، دەنگی کچەکەم لە بیر نەکردووە. لە هەموو نۆتەکانی ئەم بەرهەمەدا هەست بە دڵێک دەکرێت کە لە دووری ئازار دەکێشێت و هیوای ئەو رۆژەی هەڵگرتووە کە دووبارە بە ئامێزی یەکتر بگەنەوە."
دەربارەی گرنگی نووسینی تێکستەکە، ئیدریس مەلا حەکیم دەڵێت، "لە تێکستی گۆرانییەکەدا، بانگکردنی "گیانی من"، تەنیا وشەیەک نییە؛ بەڵکو دەربڕینی ئەو پەیوەندییەیە کە باوک لەگەڵ کچەکەیدا هەیەتی. ئەو قسانەی کە لە گۆرانیدا دەوترێن، پرسیاری دڵێکن کە لە دووریدا ماندوو بووە و چاوەڕوانی وەڵامێکە؛ وەڵامی نزیکی و یەکتربینینەوە.
ئیدریس مەلا حەکیم ئاماژەی بەوەش دا، "من لەم بەرهەمەدا هەوڵم داوە ئازارێکی تایبەت بکەمە هەستێکی گشتی؛ بۆ ئەوەی هەر باوکێک، هەر کچێک و هەر خێزانێک کە تامی دوورییان چەشتووە، خۆیان لەناو ئەم چیرۆکەدا ببینن. هەروەها ئەم گۆرانییە لە بنەڕەتدا قسە لەسەر دابڕان ناکات؛ بەڵکو قسە لەسەر ئەو خۆشەویستییە دەکات کە دووری ناتوانێت کۆتایی پێبهێنێت."
بەرهەمی "چریکەی باوک و کچ"، لە دڵی باوکێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە دوای ساڵ و نیوێک دابڕان لە کچەکەی، هەستی کردووە هەندێک قسە بە زمان ناگوترێن و تەنیا هونەر دەتوانێت بیگوازێتەوە. بۆیە ئەو بەرهەمە وەک گۆرانییەک نەهاتووەتە ئاراوە، بەڵکو وەک نامەیەکی هەست، بیرەوەری و چاوەڕوانی دروست بووە.