وەزارەتی دارایی روونکردنەوە لەسەر شێوازی خەرجکردنی دەرماڵەی پایە دەدات
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە کە ئاڕاستەی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوە، روونکردنەوەی پێویست لەبارەی راگرتن و بەستنی دەرماڵەی نوێی پایە دەخاتە ڕوو.
بەپێی ئەو نووسراوەی کە واژۆی وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە، بڕیارەکە بەمشێوەیەی خوارەوە جێبەجێ دەکرێت، یەکەم: ئەو پۆستانەی دەرماڵەی پایەیان بۆ خەرج دەکرێت تەنها ئەو گۆڕانکارییانە دەگرێتەوە کە لە پۆستە بنەڕەتییەکاندا دەکرێن، بەو مەرجەی پۆستەکە لە بنەڕەتدا لە پەیکەری رێکخستنی فەرمانگەکەدا هەبووبێت و جێگیرکرابێت.
ئاماژەی بەوەشدا، تەنها گۆڕانکاری لە کەسەکاندا کرابێت واتە فەرمانبەرێک لە شوێنی فەرمانبەرێکی تر لەو پۆستەدا دەستبەکار بووبێت، لەم دۆخەدا دەرماڵەی پایەکەی بۆ دەبەسترێت و خەرج دەکرێت.
دووەم: پێکهاتە و پۆستە نوێیەکان دەرماڵەی پایەیان بۆ خەرج ناکرێت، واتە هەر بەڕێوەبەرایەتییەک، بەش، یان هۆبەیەک کە پێکهاتەیەکی نوێ بێت. ئەو پێکهاتانەی کە رەزامەندی هێنانەکایەیان لە دوای دەرچوونی گشتاندنی دەرماڵەی پایە درابێت، لەم قۆناخەدا دەرماڵەی پایە بۆ ئەم پێکهاتە نوێیانە نابەسترێت و خەرج ناکرێت، و مامەڵەکانیان رەت دەکرێتەوە و دەگەڕێنرێتەوە.
