لە ساڵێک و نیودا 700 خێزان ئاکرێیان جێهێشتووە

قەیرانی نەبوونی خانووی کرێ لە شارۆچکەی ئاکرێ گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و تەنیا لە ماوەی 17 مانگی رابردوودا 700 خێزان شارۆچکەیان جێهێشتووە، شارەزایانیش هۆکارەکەی بۆ کەمیی خزمەتگوزاری و کەمیی باڵەخانەی نیشتەجێبوون دەگێڕنەوە.

کێشەی دەستنەکەوتنی خانووی کرێ لە ئاکرێ ساڵ بە ساڵ روو لە زیادبوونە و بووەتە هۆکاری ئەوەی خەڵک ئەو شارۆچکەیە بەجێبهێڵن. بەپێی دوایین ئامارەکان، لە ساڵی 2025 و 5 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، تاوەکو 700 خێزان لە ئاکرێ باریان کردووە، ئەم کۆچە زۆرەی خەڵکیش بووەتە جێی پرسیار و نیگەرانیی لای لایەنە پەیوەندیدارەکان.

فەرمان ئەحمەد، هاووڵاتییەکی کرێنشینە و باس لەوە دەکات ماوەی 3 هەفتەیە بەدوای خانوویەکدا دەگەڕێت، بەڵام بێسوود بووە؛ ئەو دەڵێت: "خانووی کرێ بە زێڕیش لە ئاکرێ دەستناکەوێت، تەنانەت لە دوورترین گەڕەکەکانیش خانووی چۆڵ نییە، کاتێکیش خانوو نەبێت خەڵک ناچار دەبن بار بکەن، بۆیە پێویستە دەوڵەمەندەکان خانووی کرێ دروست بکەن."

سەرەڕای ئەوەی سەنتەری شارۆچکەی ئاکرێ زۆر فراوان بووە و لە 47 گەڕەک پێکدێت، بەڵام کێشەی نەبوونی خانووی کرێ چارەسەر نەبووە.

عەبدولسلام محەمەد، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە، باس لە هۆکارەکان دەکات و دەڵێت: "یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە لە هەندێک شوێنی نوێ خزمەتگوزاری نییە و خەڵک ناچنە ئەوێ، هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە نرخەکان بەراورد بە تێچووەکە زۆر کەمن؛ بۆ نموونە خانوویەک کە تێچووەکەی 70 هەزار دۆلار بێت، کرێیەکەی تەنیا 150,000 دینارە، ئەمەش وای کردووە خەڵک خانووی کرێ دروست نەکەن."

بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، رۆژانە 5 بۆ 8 خێزان لە ئاکرێ بار دەکەن و بەرەو شارەکانی دهۆک و هەولێر دەچن، هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەم کۆچکردنە دەستنەکەوتنی خانووی کرێیە لە ناوخۆی شارۆچکەکەدا.