کۆشکی سپی: شاندێکی باڵای ئەمریکا دەچێتە قەتەر
سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی رایگەیاند، لەسەر داوای تاران، شاندێکی باڵای ئەمریکا بۆ گفتوگۆ "ئاستبەرز و تەکنیکی" دەچنە قەتەر؛ هاوکات هۆشداریی توندیش دەداتە ئێران و دەڵێت: "وەڵامی هەر توندوتیژییەک بە توندوتیژی دەدەینەوە."
دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیووز، ئاشکرای کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەم هەفتەیە داوای کۆبوونەوەی کردووە، هەر بۆیە ستیڤ ویتکۆف و جارد کۆشنەر، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە گەشت دەکەن بۆ دەوحە.
لێڤت ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەردانی ئەو شاندە بۆ قەتەر، گفتوگۆکردنە لەسەر وردەکارییەکانی یاداشتی لێکگەیشتن و ئەنجامدانی گفتوگۆی تەکنیکی لە پەراوێزی کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکاندا.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و هێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی هەڵوێستێکی توندی نیشان دا و گوتی: "ئێمە پابەندی ئاگربەستین، بەڵام وەک چۆن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەرمانی پێ کردووە، وەڵامی هەر توندوتیژییەک بە توندوتیژی دەدرێتەوە. هێرش کراوەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و ئەمریکا وەڵامی هەبووە و لەمەودواش وەڵاممان دەبێت."
سەرچاوەیەکی ئێرانیی باڵا بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەم کۆبوونەوەیە بە پێچەوانەی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی پێشوو لە سویسرا، تەنیا لەسەر بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز و کەمکردنەوەی گرژییەکان دەبێت.
هاوکات بەهۆی ئەم هەواڵە دیپلۆماسییەوە نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک بۆ 72 دۆلار دابەزی، دوای ئەوەی لە کاتی داخستنی گەرووەکەدا گەیشتبووە سەرووی 100 دۆلار و گوشارێکی زۆری خستبووە سەر ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای رێککەوتننامەی 17ـی حوزەیران دێت کە لەنێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێکی چوار مانگی واژۆ کرا. مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنەکە 6 ملیار دۆلار لە کۆی 12 ملیار دۆلاری پارە بڵوککراوەکانی ئێران لە قەتەر بە دوو قۆناخ ئازاد دەکرێن، ئەمەش وەک "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ گەلی ئێران ناوبرد کە بووەتە هۆی لانی کەم هەڵگرتنی بەشێک لە سزاکانی سەر کەرتی نەوتی و پێترۆکیمیایی وڵاتەکەی.
لەلایەکی دیکەوە، کازمی غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەرچەندە کۆبوونەوەکانی گرووپی کاری تەکنیکی بۆ ئەم هەفتەیە دیاری نەکراون، بەڵام راوێژکارییەکان لەگەڵ قەتەر بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی پابەندبوونی لایەنی بەرامبەر بەردەوامن.
دۆخی لوبنانیش بە نادیاری ماوەتەوە؛ نەبییە بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و هاوپەیمانی نزیکی حزبوڵڵا، رەخنەی لەو ئاگربەستە گرت کە بە نێوەندگیری ئەمریکا لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل واژۆ کرا و گوتی: "ئەم رێککەوتنە جێبەجێ ناکرێت و هۆکارە بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە وڵاتدا."
ئێران جەخت دەکاتەوە کە کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشوور، بەشێکی دانەبڕاوە لە هەر رێککەوتنێک کە لەگەڵ ئەمریکادا دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل رۆژانی شەممە و یەکشەممە، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستەکەی رۆژی هەینی، هێرشی کردە سەر بنکەکانی حزبوڵڵا و ژێرخانی سەربازیی ئەو گرووپەی تێکدا. شەڕی لوبنان کە زیانی مرۆیی گەورەی لێ کەوتەوە، تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 4000 کەس و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خەڵک.