لە بازگەیەکی نێوان سەڵاحەددین و دیالە دەست بەسەر 4 ملیۆن دۆلاردا گیرا
گەندەڵی لە عێراق بەردەوامە
هێزە ئەمنییەکان لە بازگەیەکی نێوان هەردوو پارێزگای سەڵاحەددین و دیالە، دەستیان بەسەر بڕە پارەیەکی زۆردا گرتووە کە لەناو ئۆتۆمبێلێکدا شاردرابووەوە، هاوکات شۆفێرەکەش دەستگیرکراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند: هێزە ئەمنییەکان لە بازگەی "عەباس جوما" کە دەکەوێتە نێوان سەڵاحەددین و دیالە، گومانیان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان پاسفاندەر کردووە و دوای پشکنین، بڕی 4 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییان لە ناویدا دۆزیوەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەستبەجێ خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە دەستگیرکراوە و رێکارە یاساییەکانی بەرامبەر گیراوەتە بەر، هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی ورد دەستیپێکردووە بۆ زانینی سەرچاوەی ئەو پارەیە و ئەو شوێنەی کە بڕیار بوو پارەکەی بۆ بگوازرێتەوە.
حکوومەتی عێراق هەڵمەتێکی فراوانی بۆ راوەدوونانی گەندەڵی دارایی، بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و دەوڵەمەندبوونی نایاسایی دەستپێکردووە. لە چەند رۆژی رابردوودا ئەم هەڵمەتە چەندین سیاسی، بەرپرس، فەرمانبەر و خاوەن کۆمپانیای گرتووەتەوە، هاوکات رێکاری توندی ئەمنی لە بازگە و سنوورەکان گیراوەتە بەر بۆ رێگریکردن بە قاچاخ ئاودیوکردنی پارە دزراوەکان تۆمەتباران بۆ دەرەوەی وڵات.