لە دیاربەکر یادی 101 ساڵەی لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران کرایەوە

بە بۆنەی 101ـەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران و 46 هاوەڵی، لە شاری دیار بەکری باکووری کوردستان چەندین چالاکیی یادکردنەوە بەڕێوەچوون و تێیدا جەخت لە بەردەوامیی تێکۆشانی گەلی کورد لەسەر رێبازی شێخ سەعید کرایەوە.

ئەمڕۆ، لە "کۆمەڵەی شێخ سەعید" لە شاری دیاربەکر، بە ئامادەبوونی ئەندامانی بنەماڵەی شێخ سەعید و نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەچوو. لە راگەیەندراوی کۆمەڵەکەدا ئاماژە بەوە درا، کە ئامانجی شێخ سەعید هێنانەدیی یەکسانی، دادپەروەری و ئازادی بوو بۆ نەتەوەی کورد. بنەماڵەی شێخ سەعید داوایان کرد ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە شەڕ و پێکدادان بهێنرێت و لەسەر بنەمای دادپەروەری، مافە ڕەواکانی گەلی کورد بناسرێن.

قاسم فیرات، سەرۆکی کۆمەڵەی شێخ سەعید ڕایگەیاند بە کوردستان24ـی راگەیاند "دەڵێین ئیتر بەسە، زۆرمان لێ کوژرا، بەڵام سەرمان دانەنەواند و خۆمان نەتەواند. داوا دەکەین وەرن با ئاشتییەکی بەردەوام لەسەر بنەمای یاسای یەکسانی و دادپەروەری پێکبهێنین."

هاوکات، لە هۆڵی "تاهیر ئێڵچی" لە بارۆی دیاربەکر، پانێڵێک بە بەشداریی ژمارەیەک لە سیاسەتمەدار و یاساناسان بەڕێوەچوو. لە پانێڵەکەدا شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەرێمی کوردستانەوە ئامادە بوون.

د. سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت "لە باکوور بۆ یادکردنەوەی شێخ کارێکی باش کراوە، پێویستە لە هەموو پارچەکانی کوردستان ئەم یادانە بکرێنەوە، چونکە ئازاری باکوور ئازاری هەموو پارچەکانە و ئەمەش نموونەیەکە لە ڕێبازی بارزانیی نەمر."

هەروەها عەبدولقادر گویلەچ، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر بۆ کوردستان24 جەختی لە لایەنە یاساییەکەی دۆسیەکە کردەوە و رایگەیاند"شێخ سەعید و هاوڕێکانی بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دادگایی کران و لەسێدارە دران، پێویستە شوێنی گۆڕەکانیان ئاشکرا بکرێت و ڕێز لە پێگە و مێژوویان بگیرێت."

شێخ سەعیدی پیران و 46 هاوڕێکەی، لە ساڵی 1925 لە مەیدانی "دەرێ چیا" لە شاری دیاربەکر لەسێدارە دران، بەڵام تاوەکو ئێستاش شوێنی گۆڕەکانیان بە نادیاری ماوەتەوە. چالاکوانان و بنەماڵەکانیان داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکەن، لەم قۆناغەدا کە باس لە ئاشتی و چارەسەری دەکرێت، شوێنی گۆڕی ئەو سەرکردە کوردە و هاوەڵەکانی ئاشکرا بکرێت.