شاخەوان عەبدوڵڵا: وەزارەتی دارایی عێراق 25 تریلیۆن دینار قەرزاری بانکی رافیدەینە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، کە مەلەفی گەورەی گەندەڵییان لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق لەبەردەستە و راشیدەگەیەنێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نۆ تۆمەتباری رادەستی بەغدا کردووە، چونکە "گەندەڵکاران لە هەرێمی کوردستان جێگەیان نابێتەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی ڕۆژ"ـی کوردستان24 ، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، زانیاریی وردی لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی و هەنگاوەکانی حکوومەتی نوێی عێراق خستە ڕوو.
"گەندەڵی لە عێراق ببووە مۆدە"
شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند "گەندەڵی لە عێراق ببووە مۆدە، یەکێک لەو دۆسیانەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران کاری لەسەر دەکات گەندەڵییە؛ نەبوونی ئیدارەدانێکی باش هۆکاری سەرەکیی تەشەنەسەندنی ئەو دیاردەیە بووە". ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەشێکی زۆری سامانی عێراق لەلایەن حزب و کەسەکانەوە براوە، بەڵام ئێستا پشتگیرییەکی زۆری ناوخۆیی، بەتایبەت لەلایەن مەرجەعیەتی شیعەوە بۆ عەلی زەیدی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
گوتیشی "عێراقییەکان چاویان لەوەیە ئەم پڕۆسەیە گشتی بێت و شۆڕببێتەوە بۆ پارێزگاکان، چونکە ئەگەر تەنیا لە چوارچێوەی وەزارەتەکاندا بمێنێتەوە، بایەخێکی ئەوتۆی نابێت، ئەگەر بگاتە پارێزگاکان سەدان کەسی دیکە تێوەدەگلێن".
کەرکووک؛ سەدان ملیار دینار بە هەدەر دراوە
سەبارەت بە دۆخی کەرکووک، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: گەندەڵییەکی یەکجار زۆر لەو پارێزگایە هەیە کە مەزندە دەکرێت سەدان ملیار دینار بێت، "ئێمە چەندین کەیسی گەندەڵیمان لەوێ ئاشکرا کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانمان لێ ئاگادار کردەوە، بەڵام پێشتر هیچ ئەنجامێکی نەبوو".
تەیف سامی و قەرزەکانی وەزارەتی دارایی
شاخەوان عەبدوڵڵا پەردەی لەسەر مەلەفێکی گەورەی وەزارەتی دارایی لادا و گوتی "چەندین مەلەفی تایبەتی گەندەڵیمان لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق لەلایە، لە کاتێکدا هەندێک کەس تەیف سامی، وەزیری پێشووی داراییان بە مەلائیکەت لەقەڵەم دەدا. یەکێک لەو مەلەفانەی لەلامە ئەوەیە کە تەیف سامی بڕی 50 ملیار دیناری بۆ پەرلەمانتارێک خەرج کردووە، تاوەکو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە شارەکەی خۆی خەرجی بکات". هەروەها ئاشکرای کرد کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 25 تریلیۆن دینار قەرزاری بانکی رافیدەینە.
دەستگیرکردنی 22 کەس و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان
لەبارەی ئاماری دەستگیرکراوان، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی "تاوەکو ئێستا 22 کەس دەستگیرکراون و لیستەکە زۆر لەوە گەورەترە. لەم خولەی ئێستادا هیچ وەزیر و پەرلەمانتارێکی کورد ناویان لە نێو لیستەکەدا نییە، بەڵام لە خولەکانی پێشتردا هەیە".
دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیری لە هەنگاوەکانی ئەم حکوومەتە دەکەن و گوتی "لە کاتی سەردانەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا کە خۆم ئامادەبووم، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی پشتگیری بۆ کابینەکەی عەلی زەیدی دووپاتکردەوە تا ئەو کاتەی پشت بە دەستوور دەبەسترێت".
ئاشکراشی کرد کە ئەم پشتگیرییە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و "دوێنێ یەکشەممە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نۆ کەسی کە پەرلەمانتار و فەرمانبەر و بەڕێوەبەری گشتییان تێدابوو، رادەستی حکوومەتی عێراق کرد، چونکە هەرکەسێک لە گەندەڵی تێوەگلابێت لە هەرێمی کوردستان جێگەی نابێتەوە". هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە هەندێک لە داواکراوەکان بۆ دەرەوەی وڵات رایانکردووە.
کۆبونەوەکانی پەرلەمان و کاندیدی پارتی
سەبارەت بە تەواوکردنی کابینە وەزارییەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکەنەوە و هەرکاتێک ناوی وەزیرە ماوەکان گەیشتە پەرلەمان، رێکارەکان دەستپێدەکەن.
لەکۆتاییدا دەربارەی کاندیدی پارتی بۆ پۆستە وەزارییەکان، گوتی "پارتی دیموکراتی کوردستان سکاڵایەکی یاسایی تۆمار کردووە، چونکە پێی وایە ڕێکارەکانی پێشووی دەنگدان بە کاندیدەکەمان ڕاست و دروست نەبووە، ئێستا چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکەین لەسەر ئەم پرسە".