لە نێو دیواری خانووی عەلی مەعارج 11 ملیۆن دۆلار دۆزرایەوە
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەگەڵ بریکاری دەستگیرکراوی وەزارەتی نەوت ئەنجامی گەورەی هەبووە و دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەی نەختینەی دۆلار و دینار و چەندین موڵک و خانووبەرەدا گیراوە.
دووشەممە 29ـی حوزەیرانی 2026، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، رایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تۆمەتبار عەلی مەعارج سوەیدج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، بڕە پارەیەکی خەیاڵی دۆزراوەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی دادگا، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا توانراوە دەست بەسەر 11 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و 4 ملیار دیناری عێراقیدا بگیرێت کە لای ئەو بەرپرسە باڵایە هەبووە. جگە لەو پارە نەختینەییە، دادگا ئاماژەی بەوەش داوە، دەست بەسەر چەندین خانووبەرە و موڵکی تۆمەتبارەکەدا گیراوە.
دادوەری پەیوەندیدار دووپاتی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ بریکارەکەی وەزارەتی نەوت، کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەکاندایە، هێشتا بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی تەواوی وردەکارییەکان و گێڕانەوەی ئەو سامانە گشتییانەی کە بە نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە.
دوێنێ یەکشەممە حکوومەتەکەی عەلی زەیدی بە هەماهەنگی لەگەڵ دادوەری، هەڵمەتێکی فراوانی بۆ دەستگیرکردنی چەندین بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی دەست پێ کردووە.




