ئێران بۆ عومان: بەبێ ئێوە گەرووی هورمز بەڕێوە دەبەین

وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەنگاوە نوێیەکانی وڵاتەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری گەرووی هورمز ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، تاران ئامادەیە بە تەنیا و تەنانەت بەبێ بەشداریی عومانیش، سیستەمێکی نوێی دەریاوانی لەو گەرووە ستراتیژییەدا جێبەجێ بکات.

کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: "ئێمە ئامادەین بۆ داڕشتنی سیستەمێکی نوێی دەریاوانی لە گەرووی هورمز. ئەگەر سوڵتاننشینی عومان بە هەر هۆکارێک بێت نەیەوێت بەشداری بکات، ئەوا ئێران بە تەنیا ئەو بەرپرسیارێتییە دەگرێتە ئەستۆ." ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا ئامادەییەکی باشیان لە لایەنی عومانییەوە بینیوە.

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم سیستەمە نوێیە، سەپاندنی باج و رسوماتی دەریاوانییە. کازم غەریب ئابادی ئاماژەی بەوە دا، تاران و مەسقەت هاوڕان لەسەر وەرگرتنی پارە لەو کەشتیانەی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو خزمەتگوزارییە دەریاوانیانەی کە هەردوو وڵات پێشکەشی دەکەن.

سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان فەرەنسا و عومان بۆ پاککردنەوەی مین لە گەرووی هورمز، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بە توندی دژایەتی تارانى بۆ هەر دەستوەردانێکی بیانی دەربڕی و گوتی: "رێگە بە لایەنی سێیەم نادەین دەستوەردان لەم پرسەدا بکات. پێشنیازمان بۆ عومان ئەوەیە ئەگەر پێویستیان بە هاوکاریی هەبێت بۆ مینڕێژکردن، با داوا لە ئێران بکەن."

ئێران جەخت دەکاتەوە، رێڕەوەکانی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا خۆی دیارییان دەکات و رێگە بە هیچ رێڕەوێکی جێگرەوە نادات. لەم بارەیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "بۆ چەندین ساڵ گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی ئازاد کراوە بوو، بەڵام دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دۆخەکە ناگەڕێتەوە وەک پێشوو."

لە شەوی 18ـی حوزەیراندا، ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یاداشتنامەیەکیان واژۆ کردووە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو ململانێ سەربازییەی لە 28ـی شوباتەوە دەستی پێکردبوو. ئەو یاداشتنامەیە خشتەیەکی زەمەنی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە و گەڕانەوەی ئاسایی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لەخۆ دەگرێت.