تاران و دەوحە ئاسایشی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن و ئێران هۆشداریی توند دەدات
سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران دەڵێت "متمانەی تەواومان بە وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت قەتەر هەیە، بەڵام لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەکی رێککەوتنی ئاگربەست لە لایەن دوژمنەوە، دەستمان لەسەر پەلەپیتکەیە و وەڵامی توندمان دەبێت".
مەجید ئیبن رەزا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سعود بن عەبدولڕەحمان بن حەسەن ئال سانی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بەرگریی قەتەر، دوایین پێشهاتە ئەمنی و سەربازییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
ئیبن رەزا لە پەیوەندییەکەدا سوپاسی رۆڵی حکوومەتی قەتەری کرد لە دانوستانەکانی ئاگربەست، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنی بەرامبەر لەم ماوە کورتەدا چەندین جار پابەندییەکانی پێشێل کردووە. گوتیشی: "ئێمە متمانەمان بە براکانمان هەیە، بەڵام متمانەمان بە دوژمن نییە و دەستمان لەسەر پەلەپیتکەیە، بەبێ گومان لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەک، وەڵامی گونجاو و پێویستمان دەبێت."
سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا گرت و رایگەیاند، تاران مێژوویەکی 6 بۆ 7 دەیەی لە "بێبەڵێنی و دەستوەردانی ئەمریکا" لە یادە و ئەو وڵاتە بەرپرسیارە لە تیرۆرکردنی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان و کوشتنی خەڵکی بێتاوان.
سەبارەت بە ئاسایشی ناوچەکە، ئیبن رەزا جەختیکردەوە کە گەرووی هورمز ناوچەیەکی ستراتیژیی بازرگانیی جیهانییە و نابێت لە لایەن وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە سوودی لێوەربگیرێت. راشیگەیاند کە ئامادەیی هێزە بیانییەکان نەک هەر ئاسایش دابین ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی زیادبوونی بێمتمانەیی.
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، مەجید ئیبن رەزا ئاماژەی بەوە کرد کە "پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بووەتە هۆی بەردەوامیی تاوانەکانی ئیسرائیل" و جەختی لە ئامادەیی ئێران کردەوە بۆ پەرەپێدانی زیاتری هەماهەنگییە بەرگرییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت قەتەر، بۆ چەسپاندنی ئاسایشی هەمووان لە ناوچەکەدا.
لای خۆشیەوە وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند، لە پەیوەندییەکەدا باس لە پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵات کراوە بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیریی هەرێمیی بکات و ببێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا.