ئەمریکا: قۆناخی کۆتاییهێنان بە هەژموونی حزبوڵڵا لە لوبنان دەستیپێکرد

بەرپرسێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە چەند هەفتەی داهاتوودا تیمەکان کۆبوونەوەکانیان دەستپێدەکەنەوە بۆ تاوتێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی بەرفراوانتردا، ئەمەش دوای واژۆکردنی رێککەوتنی چوارچێوە لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان بە سەرپەرشتی ئەمریکا دێت.

​ئەو بەرپرسە ئەمریکییە بە سکای نیوزی عەرەبی گوتووە، ئەم رێککەوتنی چوارچێوەیە رێگە بۆ حکوومەتی شەرعی لوبنان خۆش دەکات پشتگیرییەکی نێودەوڵەتی پێویست کۆبکاتەوە، بە ئامانجی رزگاربوونی لە هەژموونی حزبوڵڵا و گێڕانەوەی سەروەریی خۆی بۆ وڵاتەکە.

​بەپێی زانیارییەکان، "پاشکۆیەکی ئەمنی" بۆ رێککەوتنی چوارچێوەکە لە قۆناخی ئامادەکردندایە، کە تێیدا سەرجەم وردەکارییە زیادەکان، لەوانە رێکخستنە ئەمنییەکان و میکانیزمەکانی پشتڕاستکردنەوە دیاری دەکرێن، هاوکات گرووپێکی هەماهەنگی بە بەشداری ئەمریکا سەرپەرشتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکات.

​بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، ئەم چوارچێوەیە وێستگەیەکی سەرەکی نوێیە لە ئەجێندای سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە گرنگترین رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دادەنرێت لە دوای ساڵی 1983ـەوە، رێککەوتنەکە بنەمای لێکتێگەیشتنێکی روون لەسەر پابەندبوونی هاوبەش دیاری دەکات، بە شێوەیەک کە ئیسرائیل هێزەکانی لە دەرەوەی خاکەکانی لوبنان سەرلەنوێ بڵاوە پێبکاتەوە، لە بەرانبەردا چەک لە حزبوڵڵا داماڵرێت و لوبنان سەروەریی تەواوی خۆی بەسەر خاکەکەیدا بەسەپێنێتەوە.

​سێ ئامانجی سەرەکی رێککەوتنەکە.

​یەکەم: گێڕانەوەی سەروەریی بۆ لوبنان.

​دووەم: هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی حزبوڵڵا.

​سێیەم: رێگەدان بە ئیسرائیل بۆ گەڕانەوە بۆ سنوورە ئارامەکان دوای نەهێشتنی هەڕەشەکان.

​هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان لە بەیروت لەگەڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا تاوتێی ئامادەکارییەکانی پەیوەست بە دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە سێقۆڵییە کرا کە لەم هەفتەیەدا لە واشنتن پەسەندکرا.

​رێککەوتنەکە لەسەر بنەمای تاقیکردنەوەی دوو ناوچە دەبێت، کە تێیدا هێزەکانی ئیسرائیل دەکشێنەوە و سوپای لوبنان بڵاوەی پێدەکرێت، هاوکات چەک لەو گرووپە چەکدارانە دادەماڵرێت کە سەر بە دەوڵەت نین، کە دیارترینیان حزبوڵڵای لوبنانییە.

رێککەوتنەکەی لوبنان و ئیسرائیل بە سەرپەرشتی ئەمریکا لە 26ـی حوزەیرانی 2026 لە واشنتن واژۆ کرا و تیایدا ئامانجی هاوبەشی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایشی هەمیشەیی و ئیرادەی خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوانیان بۆ هەمیشەیی و چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی و کۆتاییهێنان بە هەر حاڵەتێکی شەڕ کە لە نێوانیاندا هەیە بە فەرمی دووپاتکردەوە.