کوردستان24 گەیشتە هەستیارترین خاڵی ململانێکان

کوردستان24 وەک یەکەم میدیای کوردی گەیشتە گەرووی هورمز، هێڵی یەکەمی گواستنەوەی وزەی جیهان.

تیمی میدیایی کوردستان24 لە بەندەر عەباسەوە بەرەو ناودڵی گەرووی هورمز رۆیشتن. چاوی هەموو جیهان لەسەر ئەم رێڕەوە تەسکە ئاوییەیە.

دیمەنە تایبەتەکانی کامێرای کوردستان24 کەشتییە زەبەلاحەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی نیشان دەدەن. کۆنتێنەرەکان بە وریایی زۆرەوە بە ناو گەرووەکەدا تێدەپەڕن.

 ئەمە تەنیا گواستنەوەیەکی ئاسایی نییە. لێرە رۆژانە زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت دەگوازرێتەوە. ئەم بڕە یەک لەسەر پێنجی پێداویستی هەموو جیهان پێکدەهێنێت. 

دیمەنەکانی کامێرای کوردستان24 نیشانی دەدەن چۆن کەشتییە جەنگییەکان لە دوورەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەن. هەر جۆرە تێکچوونێکی تەناهی لێرە، یان هەڕەشەیەک بۆ داخستنی گەرووەکە، مەترسی گەورە بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهان دروست دەکات.

 

 

کامێرای کوردستان24 دیمەنەکان لە کاتێکدا بڵاودەکاتەوە، ناوچەکە لە ناوەرۆکی ململانێیەکی قورسی دیپلۆماسیدایە. هاوتەریب لەگەڵ ئەم جووڵە دەریاییە، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی حوزەیران، لە دەوحە دانوستانی تاران و واشنتن بەڕێوەبچێت. 

هورمز تەنیا رێڕەوێکی بازرگانی نییە، بەڵکو گەورەترین کارتی فشارە لە کێشمەکێشی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا. 

گەرووەکە دەکەوێتە نێوان عوممان و ئێران. کەنداوی عەرەبی بە دەریای عوممان و زەریای هیندی دەبەستێتەوە. ئەم گەرووە بە گرنگترین خاڵی گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا دادەنرێت. مێژووی ململانێکان لەم ناوچەیەدا بۆ چەندین دەیەی رابردوو دەگەڕێتەوە.

 داخستنی ئەم گەرووە لە مانگەکانی رابردوودا بووە هۆی پەککەوتنی بازاڕەکانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، تا دواجار لە 18ـی حوزەیرانی رابردوو، هەردوو وڵات گەیشتنە لێکگەیشتنێک بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووەکە و کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردووە.