عێراق دەیەوێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بۆ تورکیا بنێرێت

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق
کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق

عێراق دەستەیەکی تایبەت بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێی نەوت لەگەڵ تورکیا پێک دەهێنێت. ئامانجی ئەم زیادکردنی هەناردەی رۆژانەی نەوتە بۆ 400 هەزار بەرمیل لە رێگەی خاکی تورکیاوە.

عێراق هەوڵ دەدات ئاستی ناردنی نەوت بۆ دەرەوە بەرز بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستە دەستەیەکی بۆ وتوێژ لەگەڵ تورکیا پێک هێناوە. 

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای فرۆشتنی نەوت (سۆمۆ) بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر ئێران، هەروەها داخستنی گەرووی هورمز، ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق هێشتا نەگەیشتووەتە پێش کاتی جەنگ.

 ئەم سەرچاوە ئاشکرای کرد، ئەم مانگە تەنیا نزیکەی 23 ملیۆن بەرمیل نەوت نێردراوەتە دەرەوە. ئەم بڕە لە رێگەی بۆرییەکانی کوردستان و سووریاوە فرۆشراوە.

سەرچاوەکەی سۆمۆ گوتیشی، بەهۆی راگرتنی کاری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان، ئێستا هەرێم رۆژانە نزیکەی 20 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ دەکات. پێشبینی دەکرێت ئەم بڕە بگاتەوە ئاستی جاران، چونکە کۆمپانیاکانی بواری نەوت کارەکانیان لە کێڵگەکانی کوردستان دەست پێ دەکەنەوە.

 لە لایەکی دیکەوە کارگێڕی نەوتی عێراق بە پشکداری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەیەکی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا پێک هێناوە. ئەم دەستەیە بۆ داڕشتنی رێککەوتنێکی نوێ کار دەکات. ئامانجیان بەرزکردنەوەی ناردنی نەوتە بۆ 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

ئەم دەستەیە نوێنەری کارگێڕییەکانی نەوت، دەرەوە و دارایی تێدایە. بڕیارە بەمزووانە لەگەڵ لایەنی تورکیا کۆ ببنەوە. بەهۆی نزیکبوونەوەی کاتی کۆتاییهاتنی رێککەوتنی ئێستای تورکیا و عێراق، بەغدا هەوڵەکانی خێرا کردووە. حکوومەت دەیەوێت بەم هەنگاوە سەقامگیری ناردنی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان مسۆگەر بکات.