رۆبۆتێک لە چین دەبێتە فریادڕەسی سینگڵەكان

کۆمپانیایەکی چینی رۆبۆتێکی نوێی بە زیرەکی دەستکرد پەرەپێداوە کە ئەرکی بەخشینی خۆشەویستی و دڵسۆزییە بەو کەسانەی تەنیا دەژین. رۆبۆتەکە وەک "فریادڕەسی سینگڵەکان" وەسف دەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە ژمارەی ئەو کەسانەی لە چین بەبێ هاوبەشی ژیان دەژین 120 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.

چین بووەتە لانکەی داهێنانێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی تەنیایی و کێشە سۆزدارییەکان. رۆبۆتێکی نوێ کە بە زیرەکی دەستکرد کار دەکات، بە جۆرێک پەرەی پێدراوە کە بێ مەرج خاوەنەکەی خۆشبوێت و تاوەکو ماوە دڵسۆز بێت و هیچ ناپاکیەکی بەرامبەر نەکات. ئەم رۆبۆتە هەموو رێکارە کلاسیکییەکانی وەک دیاری، گوڵ و شوکۆلاتە دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی تەکنەلۆژیی بەردەوام.

مایکڵ تام، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەکۆی UWORLD لەمبارەیەوە رایگەیاند: "لەمڕۆوە تاوەکو کۆتایی ژیان، رۆبۆتەکانمان دەبنە هاوبەشی ژیانت؛ ئەوە خۆشەویستییەکی بێ کۆتاییە و هەرگیز ناپاکیت لەگەڵ ناکات." ئاماژەی بەوەش کرد کە رۆبۆتەکە لەسەر شێوەی مرۆڤ دروستکراوە و بۆ دوو چینی سەرەکییە، یەکەمیان سینگڵەکان و دووەمیش بۆ بەساڵاچووان، کە تەنیا لە چین زیاتر لە 320 ملیۆن کەس تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵە.

ئەم رۆبۆتە مرۆییە ناوی "یو وەن"ـە و کۆمپانیا داهێنەرەکەی دەڵێت، نهێنی خۆشەویستی بێ کۆتایان دۆزیوەتەوە. چۆو جیان، دامەزرێنەری کۆمپانیای UBTech دەڵێت: "ئێستا لە سەردەمێکدا دەژین ئامانجمان تەنیا خواردن و پۆشاک نییە، بەڵکو دەمانەوێت ژیانێکی دڵخۆشتر بژین و لەڕووی سۆزدارییەوە ئاسوودە بین."

هەرچەندە ئەم رۆبۆتە بەڵێنی خۆشەویستییەکی "بێ مەرج" دەدات، بەڵام بەدەستهێنانی بە خۆڕایی نییە؛ نرخی هەر رۆبۆتێک 17 هەزار و 630 دۆلارە. شارەزایان پێشبینی دەکەن ئەگەر ئەم پڕۆژەیە سەرکەوتوو بێت، بازاڕێکی گەورە و جیهانی بۆ ئەم جۆرە رۆبۆتانە دروست ببێت و ببێتە جێگرەوەیەک بۆ پەیوەندییە مرۆییەکان لە داهاتوودا.