سارا موحسین: لە رەوتی هەڵوێست نەرۆیشتووین، بەڵام فەرمانی تاکڕەوانە قبووڵ ناکەین

سارا موحسین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر رەوتی هەڵوێست، رایگەیاند کە ئەوان هێشتا خۆیان بە بەشێک لە رەوتەکە دەزانن و پابەندی بەڵێنەکانیانن بۆ دەنگدەر، بەڵام رەخنەی توند لە شێوازی مامەڵەی عەلی حەمە ساڵح دەگرێت و بەوە تۆمەتباری دەکات کە "ئیرهابی فیکری" و "زمانی بازاری" بەرامبەریان بەکاردەهێنێت. دەشڵێت: "کێشەی ئێمە لەگەڵ خودی عەلی حەمە ساڵحە نەک رەوتی هەڵوێست."

رۆژی چوارشەممە، 1ی تەمموزی 2026، سارا موحسین، پەرلەمانتاری رەوتی هەڵوێست لە میانی بەشداری کردنی لە بوڵتەنی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند،  هیچ پێویست نەبوو زمانی هەڕەشە و کەرامەت شکاندن بەرامبەریان بەکاربهێنرێت، چونکە ئەوان هێشتا لە نێو رەوتەکەدا ماونەتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە "فەرمانی تاکڕەوانە" قبووڵ ناکەن.

ئەو پەرلەمانتارە هۆکاری پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری رەوتەکە، بۆ "بەردەوامیی تۆمەت خستنە پاڵ، درۆ و گومان دروستکردن" گەڕاندەوە و گوتی: "لەبری ئەو هەموو تەشهیرە، دەیتوانی دەستپێشخەری بکات، بەڵام بەم کارانەی رقی ئێمەی بەرامبەر خۆی زیاد کردووە."

سەبارەت بە خەرجییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن، سارا موحسین رەتیکردەوە کە عەلی حەمە ساڵح پارەی زۆری بۆ کاندیدەکان خەرج کردبێت و رایگەیاند: "من خۆم سەرپەرشتیاری هەڵمەتەکەم دەکرد و دەزانم چی سەرف کراوە، بەشێکی زۆری کاندیدەکان لەسەر ئەرکی خۆیان هەڵمەتەکەیان ئەنجامداوە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو پەرلەمانتارە هێرشی توندی کردە سەر زمانی گفتوگۆی عەلی حەمە ساڵح و گوتی: "ئەو زمانەی قسەی پێدەکات، زمانی ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینە نییە، بەڵکو زمانێکی بازاری و ئیرهابێکی فیکرییە. شکاندنی سیاسی پشت بە شکاندنی ئەخلاقی دەبەستێت کە لە رێگەی تەشهیر و ناوزڕاندنی میدیاییەوە دەیکات."

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە گوایە سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار کراوە، سارا موحسین روونیکردەوە: "ئێمە هیچ گرێبەستێکی یاساییمان لەگەڵ رەوتی هەڵوێستدا نییە. ئەوەی هەبووە تەنیا بەڵگەنامەیەکی ناوخۆیی کاندیدبوون بووە و لای خۆم پارێزراوە، نە لە دادگاوە هاتووە و نە واژۆی دادنووسی لەسەرە."

لە کۆتاییدا سارا موحسین ئاماژەی بەوە کرد، کە بە گوێرەی یاسای پەرلەمان، پەرلەمانتار پارێزراوە و مافی هەیە وەک سەربەخۆ کار بکات، وەک چۆن پێشتر خودی عەلی حەمە ساڵح حزبەکەی خۆی جێهێشتووە و وەک سەربەخۆ لە پەرلەمان مابووەوە.