ئەکسیۆس: گەرووی هورمز، رێککەوتنی ئەمریکا و ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکی لەبارەی دانوستانە ئاڵۆزەکانی نێوان واشنتن و تارانی لە دەوحە ئاشکرا کردووە؛ بەپێی راپۆرتەکە، هەرچەندە هەردوولا لەسەر ئاگربەستێکی یەک هەفتەیی لە گەرووی هورمز رێککەوتوون، بەڵام ناکۆکییە قووڵەکان لەسەر سەروەریی گەرووەکە و باجی تێپەڕبوون، لێکتێگەیشتنە ئەتۆمییەکەیان خستووەتە لێواری داڕووخانەوە.

ئەکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نوێنەرانی سەرۆکی ئەمریکا، لە دەوحە لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆبوونەتەوە کە نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەکەن.

سەرچاوەکان دەڵێن تەوەرەی سەرەکیی ناکۆکییەکە بۆ گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە. لایەنی ئێرانی سوورە لەسەر ئەوەی کە گەرووەکە ئاوێکی نیشتمانییە و بە هاوبەشی لەگەڵ عومان سەروەرییان بەسەریدا هەیە، بۆیە مافی خۆیانە دوای تەواوبوونی مۆڵەتە 60 رۆژەکەی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی، باجی تێپەڕبوون لە کەشتییە بازرگانییەکان وەربگرن.

هەروەها ئەمریکا پێی وایە گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە و هەر بڕیارێک لەو بارەیەوە دەبێت بە رەزامەندیی وڵاتانی کەنداو بێت ؛ بابەتێک کە هەفتەی رابردوو مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەحرەین لەگەڵ هاوتا کەنداوییەکانی گفتوگۆی کردبوو

بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، نوێنەرانی ئەمریکا هەوڵ دەدەن تاران قایل بکەن، داواکارییەکەیان بۆ وەرگرتنی باج، رێککەوتنەکە تێکدەدات. پەیامی ئەمریکا بۆ ئێران ئەوە بووە "فراوانتر بیر بکەنەوە"، چونکە ئەو قازانجە داراییەی تاران لە رێگەی فرۆشتنی ئازادانەی نەوت و لادانی گشتیی گەمارۆکان بەدەستی دەهێنێت، 100 هێندە زیاترە لەو باجەی دەیانەوێت بە باج لە گەرووەکە وەریگرن.

سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، ترەمپ بەهۆی هێرشەکانی هەفتەی رابردووی ئێرانەوە زۆر تووڕە بووە و داوای کردووە زانیاریی پێ بدرێت لەسەر بژاردە سەربازییەکان، بەڵام دواتر رازی کراوە کە دەرفەت بە دیپلۆماسیەت بدات.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسێکی ئەمریکی جەختی کردەوە، بۆ سەرۆکی ئەمریکا ڕوون بووەتەوە کە هەر کاتێک ئەوان تەقە بکەن، ئێمە زیاتر تەقە دەکەینەوە و ئەو شوێنانە دەکەینە ئامانج کە پێگەی ئەوان لە گەرووەکەدا لاوازتر دەکات".

هاوکات ئەمڕۆ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند شاندی تەکنیکیی ئەمریکا لەگەڵ لایەنی ئێرانی و قەتەری لەسەر مێزی گفتوگۆن؛ و گوتی: "هێشتا سەرەتایە، بەڵام گفتوگۆکان بە باشی بەڕێوەدەچن". بەپێی سەرچاوە ناوچەییەکان، پرسی سەرەکییەکانی گفتوگۆکە بریتین لە: بارودۆخی گەرووی هورمز، پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران و ئاگربەستی لوبنان.