پەرلەمانی عێراق داوای لێکۆڵینەوە لە حەفت دۆسیەی گەورەی گەندەڵی دەکات
پەرلەمانی عێراق، داوا لە حکوومەت دەکات بە شێوازێکی یەکلاکەرەوە دەست بە لێکۆڵینەوە لە حەفت دۆسیەی گەورەی گەندەڵی بکات، لە سەروویانەوە "دزیی سەدە" و گرێبەستە تریلیۆنییەکانی کارەبا و پڕچەککردن، ئەمەش دوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر چەند پەرلەمانتارێک بە هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری.
پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: کە بۆ چەندین ساڵە پەتای گەندەڵی پێکهاتەی دەوڵەتی عێراقی لاواز کردووە، تا ئەو رادەیەی بووەتە گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم سیستمی سیاسیی وڵاتدا.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لەگەڵ دەستبەکاربوونی هەر حکوومەت و خولێکی نوێی پەرلەماندا، دروشم و پلانەکانی دژایەتیکردني گەندەڵی دەوترانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی راستەقینە لەسەر ئەرزی واقعدا بە دی بێت؛ بەڵکوو تەنانەت هەندێک لەو دروشمانە وەک پەردەیەک بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی بەکار دەهێنران.
بە پێی راگەیەنراوەکە، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، وەک سەرەتای قۆناخێکی نوێ و هیوایەک بۆ داهاتوویەکی روونتر بۆ گەلی عێراق دەستنیشان کراوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمان وەڵامی داواکارییەکانی دەسەڵاتی دادوەری دایەوە بۆ لادانی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، ئەگەر ئەو بڕیارە نەبووایە "ئۆپەراسیۆنی بوێرانەی بەرەبەیان" بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی دەستیپێنەدەکرد.
بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی، پەرلەمانی عێراق حکوومەت پابەند دەکات بە پێشڕەویکردن لەم پڕۆسەیەدا و پێویستیی لێکۆڵینەوە لە حەفت دۆسیەی سەرەکی و مەترسیداری گەندەڵی لە چوارچێوەی کاتێکی دیاریکراودا، کە بریتین لە:
یەکەم؛ دۆسیەی گەندەڵیی باجەکان: لە نێویاندا دۆسیەی دزینی سپاردە داراییەکانی باج کە بە "دزیی سەدە" ناسراوە و وەک گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی و دزین لە مێژووی عێراقدا سەیردەکرێت.
دووەم؛ دۆسیەی گەندەڵیی کەرتی وزە: خەرجکردنی بودجەی زەبەلاح بۆ گرێبەستە تریلیۆنییەکانی کارەبا و گەندەڵیی ئاشکرا لە پێدانی وێستگە حکوومییەکان بە شێوازی وەبەرهێنانی نادادپەروەرانە کە مافی دەوڵەت پێشێل دەکات، سەرەڕای بەردەوامیی شکستهێنان لە کەرتەکانی بەرهەمهێنان، دابەشکردن و چاککردنەوەدا.
سێیەم؛ کەرتی وەبەرهێنان: لە نێویاندا گەندەڵی و پشێوی لە بەخشینی مۆڵەتەکانی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون، پیشەسازی، بازرگانی و پەروەردەیی، کە بوونەتە هۆی بەهەدەردانی بڕە پارەیەکی زۆر لە سامانی گشتی.
چوارەم؛ دۆسیەی نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە: گەندەڵی لە گرێبەستی پڕۆژەکان و بەرزبوونەوەی بێشوماری تێچووی ئەو گرێبەستانە لەخۆدەگرێت.
پێنجەم؛ کەرتی تەندروستی: دۆسیەکانی گەندەڵی لە نەخۆشخانە حکوومی، تایبەتەکان و، دۆسیەی هاوردەکردنی دەرمان لەخۆدەگرێت.
شەشەم؛ کەرتی گواستنەوە: دۆسیەکانی گەندەڵی لە گرێبەستەکانی بەندەرەکان و بەڕێوەبردنیان، لەگەڵ دۆسیەی گەندەڵیی ئەمدواییانەی هێڵی ئاسن.
حەفتەم؛ دۆسیەی گرێبەستە وەهمییەکانی پڕچەککردن: کڕینی ئامێرە بێسوودەکان، کەرەستە و ئامێری ناکارامە لە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆدا.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، پەرلەمان لە رێگەی لیژنە تایبەتەکانییەوە، سەرجەم زانیارییەکانی لەسەر ئەم دۆسیانە پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دژە گەندەڵی دەکات.
هەروەها لە رێگەی پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیی تایبەتەوە چاودێری و بەدواداچوونی ورد بۆ رێکارەکان دەکات، بە مەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری، پاراستنی سامانی گشتی و گێڕانەوەی پارە دزراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت، بە پێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان، بۆ ئەوەی رێگری لە گەندەڵی بکرێت لە ئێستا و داهاتوودا.