رێبوار بابکەیی: رێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ بە زۆر و زەبروزەنگ بووە

رێبوار بابکەیی رایدەگەیەنێت، ئەو رێککەوتنەی لەنێوان شاسوار عەبدولواحید و بافڵ تاڵەبانی لە زیندان ئەنجامدرا، تەنیا بۆ پاراستنی پڕۆژە شەخسییەکانی شاسوار عەبدولواحید بووە و بەو هەنگاوەش ناوبراو بووەتە "کادیرێکی یەکێتی".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تەمموزی 2026، رێبوار بابکەیی، بەرپرسی پێشووی لقی 10ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند: ئەوەی لە نێوان شاسوار عەبدولواحید و بافڵ تاڵەبانی روویدا رێککەوتن نەبوو، چونکە رێککەوتن دەبێت بە رەزامەندی هەردوولا بێت، بەڵکو ئەوەی کرا لە زیندان و بە "زۆر و زەبروزەنگ" بووە.

رێبوار بابکەیی ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکی شاسوار عەبدولواحید لەم رێککەوتنە پاراستنی پڕۆژەی چاڤیلاند و پڕۆژە شەخسییەکانی دیکەی بووە، گوتیشی "دەستگیرکردنی شاسوار هەر لەسەر بابەتی دزینی ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان و پشکی خاوەن پشکەکان بوو".

سەبارەت بە بەراوردکردنی خۆی بە نێڵسۆن ماندێلا، بابکەیی گوتی "جێگەی پێکەنینە شاسوار عەبدولواحید خۆی بە ماندێلا بەراورد بکات؛ چونکە ماندێلا لەسەر دۆزی گەلەکەی لە زیندان بوو، بەڵام شاسوار لەسەر دزینی پشکی خەڵک و نەدانی قەرزی حکومەت زیندانی کرا، بۆیە ئەمە سووکایەتییە بە مێژووی ماندێلا".

بەرپرسی پێشووی لقی 10ـی پارتی جەختی کردەوە کە ئەمە هاوپەیمانێتی نییە و دژ بەیەکی گەورەیە، چونکە ناتوانرێت هێزێک بانگەشەی ئۆپۆزسیۆن بکات و بچێتە پاڵ هێزێک کە 33 ساڵە لە دەسەڵاتە. راشیگەیاند "بە واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە، شاسوار عەبدولواحید بە فەرمی بووە کادیرێکی یەکێتی و 15 کورسیی نەوەی نوێی کردە قوربانی تەنها بۆ ئەوەی دۆسیە یاساییەکانی خۆی دابخات و یەکێتیش چەند پۆستێکی لە کابینەی دەیەم بەربکەوێت".

هەروەها رێبوار بابکەیی پێشبینی کرد کە ئەم رێککەوتنە کۆتایی بە نەوەی نوێ دەهێنێت و گوتی "ئەمە سەرەتای کوژانەوەی گڵۆپی نەوەی نوێیە، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا وەک بزووتنەوەی گۆڕانیان لێ دێت و یەک کورسی پەرلەمانیشیان بۆ نامێنێتەوە، چونکە شاسوار هەموو پرەنسیپە ئەخلاقی و سیاسییەکانی لەپێناو بەرژەوەندی ماددی ژێرپێ نا".